ھەڵەبجەییەكان داوا دەكەن ترەمپ داوای لێبوردن بكات
"بێڕێزی بەرامبەر بە قوربانیانی ھێرشی کیمیابارانی ھەڵەبجە کردووە"

K24 - ھەولێر
پارێزگاری ھەڵەبجە نامەیەک ئاڕاستەی کاندیدی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ دەکات و نیگەرانی خۆی و ھەڵەبجەیەکانی پێدەگەیەنێت، بەوەی لەمیانەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا ستایشی دیکتاتۆری پێشووی عێراق سەدام حوسێنی کردووە و بێڕێزی کردووە بەرامبەر بە قوربانیانی ھێرشی کیمیابارانی ھەڵەبجە.
لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی پارێزگاری ھەڵەبجە رایگەیاند: "لەكاتی پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كاندیدی كۆمارییەكان دۆناڵد ترەمپ، ستایشی سەدام حوسێنی كردووە و گوتویەتی پیاوێكی ئازابووە توانیویەتی تیرۆرستان لەناو ببیات و ھەندێك كیمیای رشتووە ھەموو دونیا لێی ھاتە دەنگ".
ئەوەشی روونكردەوە: "ئەو نامەی كە بۆ ترەمپ ناردومانە نارەزایی كەسوكاری شەھیدان و خەڵكی ھەڵەبجە و كوردستانمان پێڕاگەیاندووە، نووسیومانە ئەو قسەیەی تۆ كردوتە قسەیەكی نابەرپرسانەیە چونكە تۆ كاندیدی بۆ سەرۆكایەتی وڵاتێكی زلھێزی جیھان، داوامان لێكردووە داوای لێبوردن لە گەلی كورد و کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بكات".
