سه‌گڤان سندی: ئێران دان به رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا نانێت

K24 – هەولێر:
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئێران رێز له سه‌روه‌ری عێراق ناگرێت و دان به رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا نانێت.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 22ـی كانوونی دووه‌می 2024) سه‌گڤان سندی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هێشتا ساڵێك به‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌منی نێوان عێراق و ئێران‌دا تێپه‌ڕ نه‌بووه، به‌ڵام ئێران ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشێل كرد و هێرشی كرده سه‌ر سه‌روه‌ری عێراقه‌وه له رێگه‌ی مووشه‌كبارانكردنی هه‌ولێر.
سه‌گڤان سندی جه‌ختیكرده‌وه، ئێران به هیچ شێوه‌یه‌ك دان به سه‌روه‌ری عێراق نانێت و رێز له رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته ناگرێت. گوتیشی، دوای هێرشكردنه سه‌ر ماڵی شێخ باز له 2022، به‌هه‌مان شێوه چه‌ندین هێرشی دیكه‌ی كردووه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو یاسا و بنه‌ما و نه‌ریته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، به‌تایبه‌ت كه شوێنی مه‌ده‌نی له هه‌رێمی كوردستان به‌ئامانج ده‌گرێت.
سه‌گڤان سندی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سبه‌ی سێشه‌ممه راپۆرتی خۆیان سه‌باره‌ت به هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و ده‌ده‌نه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش راده‌ستی حكومه‌تی عێراقی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌باره‌ه‌وه بكرێت و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری پێشبینیشی كرد عێراق كاردانه‌وه‌یه‌كی ئاستبه‌رزی نه‌بات، وه‌ك ئه‌و كاردانه‌وه‌ی پاكستان به‌رامبه‌ر به ئێران هه‌بوو، به‌ڵكوو بڕیار و كاردانه‌وه‌كه‌ی هه‌مان چاره‌نووسی بڕیار و كاردانه‌وه‌كانی رابردوویان ده‌بێت.
به پێویستیشی زانی حكومه‌تی عێراق داكۆكی له سه‌روه‌رییه‌كه‌ی بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له رێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سكاڵا له‌سه‌ر ئێران تۆمار بكات.
نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چه‌ند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە".
هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".