قەیرانی ئاوی بۆلداجی گەیشتە كۆمیسیۆنی ئاسایشی ئێران
راپۆرتی تێكھەڵچوونی ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنیيەكانی ئێران لە شاری بۆلداجی گەیشتووهتە كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و لەوێ یەكلایی دەبێتەوە.
K24 – ههولێر:
ئەردەشیر نوریان نوێنەری پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری بە میدیا ناوخۆیيەكانی ئێرانی راگەیاند، راپۆرتی تێكھەڵچوونی ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنیيەكانی ئێران لە شاری بۆلداجی گەیشتووهتە كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و لەوێ یەكلایی دەبێتەوە.
مانگێك لەمەوبەر لە خۆپێشاندانێكدا لە دژی گواستنەوەی ئاوی شاری بۆلداجی بۆ پارێزگای ئیسفەھان، ئاڵۆزی كەوتە نێوان ھێزەكانی پۆلیس و ھاووڵاتیانی بۆلداجی و لە ئەنجامدا كەسێك كوژرا، 108 كەس بریندار بوون و 70 كەسیش دەستبەسەر كران.
بە وتەی نووریان ئەو نائارامیانە و كاردانەوەكانی دوای ئەو وایكرد پرسی گواستنەوەی ئاوی شارەكە بگاتە كۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی.
لە ماوەی رابردوودا قەیرانی بێ ئاوی و ھەروەھا گواستنەوەی بەشی زۆری سەرچاوە ئاویيەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بۆ ناوەند و باكووری ئێران، بووهتە پرسێكی جدی لە ناوخۆی ئێراندا.