پاکستان چەکدارانی لیوای "زەینەبیون"ـی سەر بەسوپای پاسداران دەستگیر دەکات

K24 - هەولێر

پۆلیسی پاکستان هەڵمەتێکی بۆ راوەدوونان و دەستگیرکردنی چەکدارانی سەر بە لیوای "زەینەبیون" دەستپێکرد کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە مەشق و راهێنانیان پێکرابوو بۆ شەڕکردن لە سووریا.

پۆلیسی پاکستان بڵاویکردەوە، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندی بە "زەینەبیون"ەوە هەبووە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵی تیرۆرکردنی زانایەکی ئایینی سوننە لە "کەراچی" لە ساڵی 2019، و تۆمەتباریان کردووە بە بەشداریکردن لە کردەوەی تیرۆریستی.

دەزگای دژە تیرۆری پاکستان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سەید محەممەد مەهدی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بازاڕێکی کەراچی دەستگیرکراوە، هەروەها ئەوکەسەیان بە ئامانجگرتنی پیاوانی ئایینی لە پایتەختی ناوچەکە و کارکردن بۆ هەواڵگری ئێران تۆمەتبار کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکە لەگەڵ دوو کەس بە ناوەکانی سەید رەزا جەعفەری و عابید رەزا زانیارییان ئاڵوگۆڕ کردووە، هەروەها تۆمەتبار کراوە بەوەی کە ئەندامی "لیوای زەینەبیون" بووە و دەستی هەبووە لە زۆرێک لە هێرشەکاندا، لەوانە هێرشکردنە سەر موفتی تەقی عوسمانی لە کەراچی.

تەقی عوسمانی، زانای ئایینی و دادوەری دادگای باڵای پاکستان، بە شێوەیەکی موعجیزە ئاسا لە هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری بوو کە تێیدا دوو پاسەوانی عوسمانی کوژران.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیسلام ئاباد رایگەیاندووە، جەلیل عەباس گەیلانی وەزیری دەرەوەی پاکستان لە هەفتەی داهاتوو پێشوازی لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانیەکەی دەکات، هەروەها رۆژی هەینی رابردوو باڵیۆزخانەکانیان کردەوە، ئەمەش رۆژێک دوای داخستنی باڵیۆزەکانیان هات کە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەدوولا روویدا.

دوێنێ هەردوو وەزیرەکە پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئێمه لەسەر هاوکاری ئەمنی و سەربازی کە پێشتر لەگەڵ پاکستان رێککەوتووین بەردەوام دەبین".

رۆژی 18ـی 1ـی 2024، بەرپرسانی هەواڵگری پاکستان رایانگەیاند، بارەگای چەند گرووپێکی چەکدارییان لەناو خاکی ئێران بە ئامانج گرتووە. لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا نۆ کەس کوژران.

ئەمە لە کاتێکدایە، 16ـی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیکردە سەر چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانی لە هەرێمی بلوچستانی پاکستان، کە بەهۆی هێرشەکانەوە دوو منداڵ کوژران.