سی ئێن ئێن: ئیسرائیل مەرجێکی بۆ ئاگربەستی غەززە داناوە

کەرتی غەززە دوای بۆردومانەکانی ئیسرائیل - وێنە: AFP
کەرتی غەززە دوای بۆردومانەکانی ئیسرائیل - وێنە: AFP

K24 - هەولێر

چەند بەرپرسێک بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"یان راگەیاندووە، ئیسرائیل پیشنیازی کردووە، یەکێک لە مەرجەکانی راگەیاندنی ئاگربەست ئەوەیە دەبێت، بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بڕۆنە دەرەوە.

ئەو پێشنیازە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل دەیەوێت ئامانجەکەی بپێکێت، ئەویش لەناو بردنی بزووتنەوەی حەماسە لە کەرتی غەززە.

سی ئێن ئێن، ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی چوار مانگە شەڕ دەستیپێکردووە، بەڵام ئیسرائیل شکستی هێناوە لە دەستگیرکردن یان کوشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، دەشڵێت: بەگوێرەی ئامارێکی ئیسرائیل، نزیکەی 70% هێزە شەڕکەرەکانی حەماس وەکو خۆیان ماون.

سی ئێن ئێن ئاشکراشی کردووە، پێشنیازی دەرچوونی سەرکردەکانی حەماس، بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ، کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری مۆساد "دەیڤید بارنێ" لە پۆڵەندا باسی کردووە، هەروەها لە قەتەریش لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی کردووە.

پێشووتریش بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کەس و کاری رفێندراوەکان گوتی: "هیچ پیشنیارێکی جددی لەلایەن حەماسەوە نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو لێدوانانەی لەوبارەوە دراون هیچی راست نییە، بەدڵنیاییەوە دەیانەوێت ئێوە ئازار بدەن". گوتیشی: دەستپێشخەرییەکان لەلایەنی ئێمەوە بووە، بەڵام ناوەرۆکەکەی باس نەکرد.

لە رۆژی شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 بارمتەش دەستبەسەرکران کە زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، لە هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 25 هەزار کەس لەغەززە کوژراون و زیاتر لە 62 هەزاریش بریندار بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.