موعەزەم نەجم: عێراق هێشتا ئەو سییەیە کە ئێران لە رێگەیەوە هەناسە دەدات
K24-هەولێر
پسپۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ چەند کۆمپانیایەکی عیراقی، ئاماژە بەوە دەکات، عێراق هێشتا ئەو سییەیە کە ئێران لە رێگەیەوە هەناسە دەدات، بەتایبەتی لە بابەتی دۆلاردا، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان نموونەیەکە دەکرێت خەڵکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی لێببینن.
ئەمڕۆ سێشەممە(23ی کانوونی دووەمی 2024)،موعەزەم نەجم، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی سزاکای گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر چەند کۆمپانیایەکی عێراقی بۆ کاردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، پەرتەوازەیی سیاسی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی لەو ناوچەیەدا روودەدات سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، گۆڕانکارییەکی جۆریە و دەستیپێکردووە، بەتایبەتی لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین کێسە هەن، لەوانەش جەنگی حەماس و ئیسرائیل و لێکەوتە ئەمنییەکان، دەڵێت: پێم وایە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا خەریکی سیاسەتێکی دیکەیە، دەیەوێت لە ئێستادا گۆچانەکەی بەکاربێنێت لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن و هەڕەشە لە پێگەکانی ئەمریکا دەکەن لە ناوچەکەدا، بۆیە چەند کاردانەوەیەک دەبیندرێن، وەک ئەو سزایەی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر چەند کۆمەڵەیەکی چەکداری بەتایبەت ئەوانەی باڵی سەربازییان هەیە، سزای گەنجینەی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی فڵای بەغدا کە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ گروپە جەکدارەکاندا هەیە کاردانەوەیەکی بەهێز بوو.
لەبارەی هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران، ئەو پسپۆرەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: ئەمریکا رژدە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا هەیە، لە کاتێکدا ئێران چڕنووکی خۆی دەرهێناوە، خۆی لە ململانێی غەززەدا تێوەگلاندووە، ئەو باڵانەی ئێران ئێستا هۆشداری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان پێگەیشتووە، لەناوخۆی ئیدارەی ئەمریکاشدا کێشەیەک هەیە، چونکە بایدن دووچاری شەرم بۆتەوە لە چۆنیەتی ماماڵەکردن لەگەڵ ئێران، وڵاتانی هاوپەیمانیش فشار لە ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی چەند رێکارێک بەرامبەر ئێران بەکار بهێنێت، پێم وایە عێراق هێشتا ئەو سییەیە کە ئێران لە رێگەیەوە هەناسە دەدات بەتایبەت لە بابەتی دۆلار.
لەبارەی کاریگەرییەکانی سزای گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیان عێراقییەکان، موعەزەم نەجم پیی وایە، ئەو بڕیار و سزایەی ئەمریکا، کاریگەری لەسەر بازاڕی عێراقدا دروستدەکات، لە کاتێکدا ئەمریکا دراوی دۆلاری بەدەستەوەیە، ئەوە وا دەکات دزەپێکردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دیکە کەم بکاتەوە، گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە هۆکاری سزادانی فلای بەغدا ئەوەیە، دۆلاری دزە پێکردووە بۆ وڵاتانی دیکە، گەنجینەی ئەمریکا دڵنیایە لەوەی کۆمپانیای فڵای بەغدا چەک و پارەی لە عێراقەوە گواستۆتە وڵاتان، بۆیە ئەو بڕیارە کاریگەری خۆی دەبێت.
لەبارەی پێگەی هەرێمی کوردستانیش، ئەو پسپۆرە ئاماژە بەوە کرد، هەرێمی کوردستان نموونەیەکە دەکرێت خەڵکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی لێببینن، تاکە نموونەیە لە ناوچەکە ئەمریکا دەتوانێت وەک پێگەیەکی ستراتیژی وەسفی بکات بۆ راکێشانی وەبەرهێنان، ئەمریکا نایەوێت ئەو کارتە لەدەست بدات و ئەو نموونەیە بشێوێت، موعەزەم نەجم دەڵێت: هەولێر دەیەوێت گفتوگۆیەکی ئاشتیانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت، تا ئێستاش هەولێر داوای گفتوگۆ دەکات و نایەوێت کێشەکان پەرە بسەنێت ، ئێران کە هێرشی کردە سەر هەولێر و خەڵکی سڤیلی بە ئامانج گرت، ئەوانەی هیچ پەیوەندیان بە هیچ لایەنێکی سەربازیی نەبووە، بەڵکو پیاوێکی بازرگان بووە، پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکان نەبووە، ئەوەی تێبینیمان کردووە، ئێران خەڵکی بێ چەک و سڤیل بە ئامانج دەگرێت، پێویستە ئەمریکا بەرژەوەندی عێراق ق هاوپەیمانەکانی لەبەرچاو بگرێت، چونکە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکان.