یهحیا رهسووڵ: مەترسی فراوانبوونی شەڕی غەززە له ئارادایه

K24 - هەولێر:
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکەی ئەمهریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق سەرکۆنە دەکات و دهڵێت: "مەترسی فراوانبوونی شەڕی غەززە له ئارادایه".
یەحیا رەسوول گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمهریکا بۆ سەر کەتائیبی حزبوڵڵا لە ناوچەی جورف سەخر قبوڵکراو نییە و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری عێراقە، هۆکارێکیشە بۆ زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە، لەکاتێکدا مەترسی فراوانبوونی شەڕی غەززە هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بە ئەرکی خۆیان هەستن و پشتیووانی لە ئاشتی و ئاسایشی عێراق بکەن، رێگریش بکەن لەو کردەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و سەروەری وڵات.
بهرهبهیانی ئهمڕۆ ئەمەریکا ژمارەیەک بنکە و بارەگای گرووپی حیزبوڵڵای عێراقی کە سەر به حەشدی شەعبییە بۆردوومانکرد. میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبیش رایانگهیاند، هێرشەکان قوربانییان لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا لهبارهی هێرشهكه رایگهیاندبوو، بە فەرمانی راستەوخۆی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و لە تۆڵەی زنجیرەک هێرش بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق و ناوچەکە؛ هێزەکانیان سێ بنکەی سەر بە گرووپی کەتائیب حیزبوڵڵا کە "لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت" لەنێو عێراق بۆردوومان کردووە.
میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبیش ئاماژهیان بهوه كرد، ئەو بنکانەی حزبوڵڵا لە ئەنبار و بابل بۆردوومانکراون و، بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژراو و برینداربوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، ئەو بنکە و دامەزراوەیە لەلایەن میلیشیاکانی کەتایب حزبوڵڵای سەر بە ئێران و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێران بەکارهێنراون. ئەم هێرشانە بارەگاکانی KH و شوێنی هەڵگرتن و مەشق و ڕاهێنانیان کردووەتە ئامانج.