بەریتانیا داوا لە سەرکردەکانی حەماس دەکات لە غەززە بچنە دەرەوە

K24 - هەولێر

دوێنێ چوارشەممە، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قودس کۆبووەوە و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

وەزارەتی دەرەوی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دووپاتیکردەوە کە پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو 136 بارمتەیەی لە ژێر دەستی حەماس ماون.

کامیرۆن بەروونی ئەوەی خستە روو، کە دەیەوێت ئاگربەستێکی بەپەلە ببینێت، تاوەکو بارمتەکان ئازاد بکرێت و هاوکارییە مرۆییەکانیش بگەیندرێتە غەززە، کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئاگربەستێکی بەردەوام بە بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شەڕکردن.

کامیرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت سەرکردەکانی حەماس لە غەززە بچنە دەرەوە، کە ئەمەش گرنگە بۆ ئەوەی شەڕ رابگیرێت.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەشڵێت: پێویستە حەماس رێککبکەوێت لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەکو لەسەر ئیسرائیلیش پێویستە هێرشەکانی بۆسەر مەدەنییەکان رابگرێت.

باسی لەوەشکرد، پێویستە بگەنەرێککەوتنێک بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی سەربازی حەماس، و هەروەها رێککەوتنیش بکرێت بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینی بۆ غەززە تاوەکو دۆسیەکانی ئەمنی و خزمەتگوزاری و فەرمانڕەوایی شارەکە بگرێتە ئەستۆ.

رۆژی شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی کردە ناوخاکی ئیسرائیل، بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلیشیان بارمتە گرت، دوای ئاگربەستێکی کاتیی و یەک هەفتەیی، کە ئاگربەستی مرۆیی ناونرا لەبەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە گەیاندنی بەشێک لە هاووکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل پێدەنێتە 111 یەمین رۆژ و بە گوێرەی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 25 هەزار 700 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 63 هەزار و 740 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ.