پۆڵ دەیڤس: بە کشانەوەی ئەمەریکا گرووپە چەکدارەکان عێراق کۆنتڕۆڵ دەکەن
K24 – هەولێر:
شرۆڤەكارێکی سیاسی دەڵێت: هەر کاتێک حکومەتی عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە هێزەکان دەکشێنەوە و هیچ بژاردەی دیکەیان نییە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا لە ئێستادا نایەوێت لە عێراق بکشێتەوە.
پۆڵ دەیڤس، شرۆڤەكاری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاران گوشار لە بەغدا دەکات بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە، لە ئێستادا ئەمەریکا پیی باش نییە لە عێراق بکشێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بەغدا داوا بکات سەربازانی ئەمەریکا بکشێنەوە، دەبێت ئەمەریکا عێراق بەجێبهێڵێت و هیچ بژاردەی دیکەی نییە، ئەمەریکا نایەوێت بکشێتەوە بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە تیکنەچێت.
پۆڵ دەیڤس، گوتی: ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە بە دڵنیاییەوە داعش بەهێز دەبێتەوە، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیش کۆنترۆڵی عێراق دەکەن، بەڵام هەر کاتێک عێراق داوا بکات کە ئەمەریکا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی ئەوا داواکەی قبوڵ دەکرێت و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە و هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەیان.
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکان باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکراوە، بەڵکو هەردوولا بە هاوبەشی بەردەوام دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
سابرینا سینگ، باسی لەوەکرد، لەسەر داواكاری حكومەتی عێراق لەو وڵاتەین و شانازی بەو كارانە دەكەین کە بە هاوكاری هاوبەشەكانمان و هێزە عێراقییەكان ئەنجاممانداوە، هەروەها ئەم گوروپی كاركردنە هەنگاوی داهاتووی پەیوەندییەكانمانە.