ستیڤن هیچن: عێراق و هەرێمی کوردستان هەلی گەشەکردنییان لەبەردەستدایە هێرشی سەر کۆرمۆریش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئه‌و هه‌له‌

K24 – هەولێر:

ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشە ناپەسەندەوە منداڵ و بەتەمەن به‌هۆی بێ كاره‌باییه‌وه‌ هەستیان بەسەرما کردووە.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەشڵێت، عێراق و هەرێمی کوردستان هەلی گەشەکردن و سەقامگیرییان لەبەردەستدایە، هێرشی سەر کۆرمۆریش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو سەقامگیریی و بەرەوپێشچوونە.

شه‌وی (25ـی کانوونی دووەمی 2024) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە رێگەی مووشەکی کاتیۆشاوە هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لە نزیک کۆگاکانی سووتەمەنی کەوتووەتە خوارەوە.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی بۆ سۆشیال میدیا کوردستان24 نێردراوە، شایەتحاڵەکان لە نزیک کێڵگەکە ئاماژەیان بەبوونی ئاگرێک ده‌كه‌ن لەنزیک شوێنی کۆگاکانی سووتەمەنی و ئاماژە بەوە دەکەن، ئاگرێکی بچووک لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی کاتیۆشاکان کەوتووەتەوە.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.

Fly Erbil Advertisment