ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵنابژێردرێت

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ بڕیار بوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بەرێوەبچێت، بەڵام بەهۆی نەهاتنی زۆربەی پەرلەمانتارەکان و رێگری کردنی شیعەکان، ئەستەمە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلامن بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ بڕیار بوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بەرێوەبچێت، بەڵام زۆربەی پەرلەمانتارەکان نەهاتوون.
گوتیشی: بەگشتی ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان گرنگە، ئەستەمە ئەو پرۆسەیە بەرێوەبچێت، هۆکاری یەکەم، زۆربەی لایەنە شیعەکان کاندیدبوونی "شەعلان کەریم" رەتدەکەنەوە، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایە دوو سکاڵا لەلایەن "باسم حەشان و یوسف کلابی"یەوە تۆمار کراوە، کە بڕیاریشە رۆژی دووشەممە، ئەو پرسە لە دادگای باڵای فیدراڵی یەکلایی بێتەوە، چونکە ئەو دوو پەرلەمانتارە و زۆربەی شیعەکان شەعلان کەریم تۆمەتبار دەکەن بەوەی ستایشی بەعسییەکانی کردووە، کە لەگەڕی یەکەم 152 دەنگی بەدەستهێناوە کە زۆرترین دەنگ بووە.
هۆکارێکی دیکە کە رێگرە لەسەر بەرێوەچوونی ئەو پرسە، ئەوەیە کە سوننەکان یەک کاندیدیان نییە بۆ ئەو پۆستە، هەروەها ئێستا تەنها دوو کاندید هەیە کە یەکێکیان شەعلان کەریمە و لەلایەن حزبی تەقەدوومم حەلبووسی پاڵپشتی دەکرێت، کاندیدی دووەمیش سالم عیساوییە، کە هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر و بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان پاڵپشتی دەکەن، کە تەنها 97 دەنگی بەدەستهێناوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر 11ـی پیشنیوەڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە حەوت بڕگە لەخۆ دەگرێت، بڕگەی یەکەمی تایبەتە بە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو، 13ـی ئەم مانگە، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا، دانیشتنەکە دواخرا.