تەندروستی غەززە: ژمارەی کوژراو و بریندارانی کەرتی غەززە بەرزبووەوە
K24 - هەولێر
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 26 هەزار کوژراو، هەروەها زیاتر لە 64 هەزار کەسیش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەوەتەی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەرزبووەتەوە بۆ 26 هەزار و 257 کوژراو و هەروەها 64 هەزار و 797 کەسیش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری فەڵەستینییەکان لە ژێر داروپەردوو باڵەخانەکاندان، ئیسرائیلیش رێگە نادات تیمی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی بچنە شوێنەکان بۆ رزگارکردنیان.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆ 113مین رۆژی شەڕەکەیە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، ئیسرائیل 18 کۆمەڵکوژی دژی خێزانەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە، کە 174 کەس کوژراون و 310 کەسیش برینداربوون.
تاوەکو ئێستا شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەکەرتی غەززە بەدەوامە، کە بووەتە هۆی کارەساتی مرۆیی و تەندروستی لەکەرتەکە.