چەند سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: درۆنەکە لە سنووری خورماتوو هەڵدراوە
چەند سەرچاوەیەکی فەرمی هەواڵگری و سوپای عێراق زانیاری نوێ لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کورمۆر و شوێنی هەڵدانی درۆنەکە ئاشکرا دەکەن و دەڵێن "درۆنەکە لە سنووری خورماتووەوە هەڵدراوە".
بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەفسەرێکی هەواڵگریی سوپای عێراق، بەپلەی عەقید، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو درۆنەی ئەمشەو ئاراستەی کێڵگەی کۆرمۆڕ کراوە، بە گوێرەی دەنگی فڕینەکەیەوە دەرکەوتووە لە سنووری قەزای خورماتووەوە هەڵدراوە.
هەروەها بە گوتەی پاسەوانانی کێڵگەی کۆرمۆر کە قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە، بە هەمانشێوەی ئاماژەیانداوە، دەنگی درۆنەکەیان بیستووە و لە سنووری قەزای خورماتووەوە بەرەو کێڵگەکە هەڵدراوە.
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی لیوای دووەمی هاوبەشی هێزەکانی عێراق لە بازگەی دەروازەی سەرەکی خورماتوو، پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانیان بەر لە هێرشەکە، دەنگی فڕینی درۆنەکەیان لە ئاسمانی ناوچەک لە سنووری خورماتووەوە بیستووە. هاوکات تیمەکانی لێکۆڵینەوە و هێزە ئەمنییەکان لە کۆکردنەوەی بەڵگەی زیاتر بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هێرشەکە و ئاشکراکردنی لایەنی بەرپرس.
خورماتوو یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەی شارەکە، لە کورد و تورکمان و ژمارەیەکی کەمی عەرەب پێکهاتووە، بەڵام بە بڕیارێک لە سەردەمی رژێمی بەعس، لە سنووری پارێزگای کەرکووک جیا کراوەتەوە و خراوەتە سەر سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، قەزاکە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کەوتە دەستی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق. ئێستا پۆلیسی فیدراڵی ئەرکی ئەمنییەتی ناوخۆی قەزاکەی لە دەستە و جیا لە سوپای عێراق، چەکدارانی حەشدی تورکمانیشی لە دەرەوەی قەزاکە و ناوچەکانی دەوروبەری جێگیرن.