ترەمپ هۆکاری شکستی خۆی بۆ سیاسەتە توندەکانی دژی کۆچبەران دەگەڕێنێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، لە دانپێدانانێکی چاوەڕواننەکراودا ئاماژەی بەوە کرد،  سیاسەتی ئیدارەکەی لە دەرکردنی کۆچبەراندا رەنگە زۆر توند بووبێت، و ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران لە لایەن کۆمارییەکانەوە هەڵسەنگاند، لە کاتێکدا ئامادەیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ دیموکراتەکان دەربڕی.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی  "Sixty Minutes" لە تۆڕی CBS کە رۆژی یەکشەممە بڵاو کرایەوە، ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی سیاسەتی دەرکردن و توندوتیژییەکانی سەر سنوور گوتی: "پێدەچێت قورس و توند بووبێت، بەڵێ".

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە یەکەم چاوپێکەوتنی گرنگیدا دێن دوای ئەوەی کۆمارییەکان زۆرینەی کۆنگرێسیان لەدەستدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری پێداچوونەوە بە یەکێک لە دیارترین تەوەری سیاسەتی ناوخۆیی ئیدارەکەی. سەرۆکی ئەمریکا هیواخوازیی خۆی دەربڕی بۆ ئەگەری گەیشتن بە تێگەیشتن لەگەڵ زۆرینەی نوێی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس لەبارەی دۆسیەی کۆچەوە، و جەختی کردەوە کە ئەم کارە دەکرێت و دەتوانێت بگەنە چارەسەرێک.

سەرەڕای لێدوانە نەرمەکانی، تەنیا کاتژمێرێک دوای تۆمارکردنی چاوپێکەوتنەکە لە رۆژی هەینی، ترەمپ ستیڤن میلەر، کە یەکێکە لە دیارترین ئەندازیارانی سیاسەتە توندەکانی دژی کۆچبەران، وەک سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی دەستنیشان کرد.

ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی دیموکراتەکانی لێکەوتەوە؛ جاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، لە پەیامێکدا رەخنەی گرت و گوتی، ترەمپ دانی بەوەنا کە هەڵمەتەکەی دژی کۆچبەران سنووری تێپەڕاندووە، کەچی لە هەمان کاتدا بەرپرسەکەی ئەو سیاسەتە بەرز دەکاتەوە و پۆستی دەداتێ، و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە راستکردنەوەی رێگاکە نییە، بەڵکو بەرزکردنەوە و پاداشتکردنە.

سیاسەتی توندکردنی رێوشوێنەکانی کۆچ و دەرکردن یەکێک بوو لە دیارترین تەوەرەکانی ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، بە جۆرێک دەسەڵاتە فیدراڵییەکان هەڵمەتی بەرفراوانیان لە چەند شارێکی ئەمریکیدا ئەنجام دا و بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی دەستبەسەرکراوان.

ئەم رێوشوێنانە ناڕەزایەتی و رەخنەی بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت دوای کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆچ. دوای سەرکەوتنیان لە کۆنگرێس، دیموکراتەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە توندکردنی چاودێری بەسەر دەزگاکانی کۆچ و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆدا دەبێتە یەکێک لە لەپێشینەکانیان لە قۆناخی داهاتوودا.