ئەمەریکا هێرشی کردە سەر حوسییەکان

"حوسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری بەریتانیا"

کەشتی نەوتهەڵگری " مارلین لواندا"ی بەریتانیا، ئەرشیف
کەشتی نەوتهەڵگری " مارلین لواندا"ی بەریتانیا، ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر شوێنێکی حوسییەکانی یەمەن و کردیان ئامانج، ئەمەش دوای هێرشەکی حوسییەکان دێت بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانیا، کە لە کەنداوی عەدەن گڕی گرت.

فەرماندەیی سەربازی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتکۆم" لە پلاتفۆرمی"X"  رایگەیاند، "فەرماندەیی سەربازی ئەمەریکا مووشەکێکی حوسییەکانی کردە ئامانج، کە خەریک بوو هەڵبدرێت" لە دەریای سووردا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مووشەکە مەترسی بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا دروستکردووە.

حوسییەکان بەئامانجگرتنی کەشتییەکی نەوتی بەریتانیایان لە کەنداوی عەدەن راگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر شوێنەکانیان و هەروەها پشتیوانیکردن لە کەرتی غەززە کە شەڕێکی وێرانکەری تێدایە.

گروپی "ترافیگورا" کە کەشتیی مارلین لواندا بەڕێوەدەبەن، کە کرابووە ئامانج لەلایەن حوسییەکان، رایگەیاند، هێرشەکە "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا کەشتییەکە بەرەو بەندەرێکی سەلامەت دەڕوات"، هەروەها "هیچ کەشتییەکی دیکە کە بۆ کۆمپانیای ترافیگورا کاردەکات لە ئێستادا کەنداوی عەدەن نابڕێت".

گروپەکە سوپاسی ئەو کەشتییە دەریاییە ئەمەریکی و هیندستان و فەرەنسیانەیان کرد کە بە پەلە هاوکاریان کردووە.

سێنتکۆم، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کەشتییەکەی مارلین لواندا "بارێکی بازرگانی نافتای هەڵگرتبوو، کە تێکەڵەیەک لە هایدرۆجینی شلەی زۆر سووتێنەرە"، کە لە کەنداوی عەدەن بە مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتی کراوەتە ئامانج.