تونێلی ھەریر، سۆران دەكاتە گەڕەكێك لە ھەولێر
رێگەی 2 كاتژمێری نێوان ھەولێر و سۆران دەكاتە 35 خۆلەك
K24 – ھەولێر:
تەواوبوونی تونێلی بەنی ھەریر رێگەی 2 كاتژمێری نێوان ھەولێر و سۆران دەكاتە 35 خولەك، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە لە ھەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە، چ لە رووی گشتوگوزار و چ لە رووی كەمكردنەوەی رووداوەكانی ھاتوچۆ.
قایممەقامی سۆران، كرمانج عیزەت بە كوردستان 24ی راگەیاند: "یەكەمجارە پاش دووساڵ دەست بەكار بوون و ساڵێك كاركردنی راستەوخۆ ئەو تونێلە بكرێتەوە، ئەمەش ھەنگاوكی گرنگە لە بواری ئاوەدانكردنەوە".
عیزەت گوتی: "ئەو تونێلە بە چوارەم تونێل لە نێوان رێگەی ھەولێر و سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ھەژمار دەكرێت، رێگەی 2 كاتژمێری نێوان ھەولێر و سۆران دەكاتە 35 خۆلەك، ئەمەش خزمەتێكی گرنگ بە بواری گەشتوگوزار و ھاتوچۆ دەكات".
ئەندازیاری سەرپەرشتى پرۆژەی تونێلی بەنی ھەریر بۆ كوردستان 24 گوتی: "درێژی ئەو تونێلە 3565 مەترە و نزیكەی 137 ملیار دیناری عێراقی تێچووە و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بوودجەكەی بۆ دابینكردووە".