بەریتانیا کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری بەرەو دەریای سوور جوڵاند

کەشتی فڕۆکە هەڵگر
کەشتی فڕۆکە هەڵگر

K24 – هەولێر

جێگری وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری بەرەو دەریایی سوور جوڵاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی حسوییەکان لە ناوچەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024، جەیمس هێبی، جێگری وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا کەشتی فڕۆکە هەڵگری بۆ دەریای سوور جوڵاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان لە ناوچەکە و ڕەنگە ئەم کەشتی فڕۆکە هەڵگرەی بەریتانیا جێگەی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی "دوایت ئایزنهاوەر" بگرێتەوە.

بەگوتەی هێبی، لەندەن ئامادەیە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی پێویست، گوتیشی، "کەشتی ئایزەنهاوەر ناتوانێت هەمیشە لەو ناوچە بمێنێتەوە". پێویستە هەر کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگر لە ناوچەکەدا بوونی هەبوو بپارێزرێت، بۆیە لەم بارەوە دەتوانین هاوکاری ئەمەریکییەکان بکەین.

هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا خاوەنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "شاژنە ئەلیزابێس" و "شازادەی وێڵز"نە. شاژنە ئەلیزابێس پێشتر بەشداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکەی کردبوو، بەو پێیەی ئەم کەشتییە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەکارهێنرا بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق لە ساڵی 2021دا.

سەبارەت بە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "شازادەی وێڵز"، هێشتا بەشداری لە ئەرکە شەڕکەرەکاندا نەکردووە. هەروەها هەریەک لەو دوو کەشتییە دەتوانێت تا 35 فڕۆکەی ئێف-35 لەخۆبگرێت.

لە ئێستادا بەریتانیا کەشتی تێکدەری "ئەڵماس"ی لە دەریای سوور جێگیر کردووە، کە بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە کردووە.

بەریتانیا لە 9ـی کانوونی دووەمەوە رایگەیاند کە بەم زووانە کەشتیی فرێگاتی "ڕیچمۆند" دەنێرێت بۆ دەریای سوور بۆ ئەوەی جێگەی "دایمۆند" بگرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment