هەشت هەڵبژاردە گەیشتنە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا
قۆناغی 16ـی جامی نەتەوەکانی ئاسیا کۆتایی هات، لە ئەنجامدا هەشت هەڵبژاردەی گەیشتنە قۆناغی چارەکی و لەم قۆناغەش رکابەری بۆ بەدەستهێنانی بلیتی قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانتیەکە دەکەن.
لە کۆتایی یاریی قۆناغی 16ـی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023، هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و سوریا رووبەڕووی یەکتری بونەوە، یارییەکە لە ماوەی 120 خولەک بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات، دواجار ئێران بوو توانی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، بە ئەنجامی 5-3 بردنەوە بەدەست بێنێت و گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی، لەم قۆناغەش رووبەڕووی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەبێتەوە.
لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغ، ژاپۆن خاوەنی زۆرترین ناسناوی پاڵەوانتیەکە، ئەوانیش بە ئەنجامی 3-1 لە بەحرێنیان بردەوە و بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتایی، جامی نەتەوەکانی ئاسیای مسۆگەر کرد.
ئوستراڵیا و کۆریای باشووریش لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. ئوستراڵیا بە بردنەوەی لە ئێندەنوسیا بە ئەنجامی 4-0 گەیشتنی بۆ ئەم قۆناغە مسۆگەر کرد، کۆریاش بە بردنەوەی لە سعوودیە گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
قەتەر میواندار و هەڵگری ناسناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، ئەوانیش لە قۆناغی 16ـی پاڵەوانتیەکە بە بردنەوەیان لە فەلەستین بە ئەنجامی 2-1، بلیتی قۆناغی چارەکی کۆتاییان بەدەستهێنا، لەم قۆناغەش رووبەڕووی ئۆزبەکیستان دەبنەوە.
خشتە و کاتی یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023:
تاجیکستان - ئۆردن ( هەینی 2ـی شوبات - کاتژمێر 14:30 )
ئوستراڵیا - کۆریای باشوور ( هەینی 2ـی شوبات - کاتژمێر 18:30 )
ئێران - ژاپۆن ( شەممە 3ـی شوبات - کاتژمێر 14:30 )
قەتەر - ئۆزبەکیستان ( شەممە 3ـی شوبات - کاتژمێر 18:30 )
