هازارد: بەهۆی رەفتارەکەم دایکم دەستی بە گریان کرد
ئێدین هازارد یاریزانی پێشووی یانەی چێڵسی ئینگڵتەرا و هەروەها یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئەوەی لە یارییەکی یانەکەی بە درێسی چێڵسی، رەفتارێکی نابەجێی بەرامبەر منداڵێکی تۆپ هێنەرەوە دەستی بە گریان کردووە.
نزیکەی 11 ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی یاریزانە بەلجیکیەکە لە ریزەکانی یانەی چێڵسی یاریی دەکرد، لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی یەکێتی ئینگڵتەرا رەفتارێکی نابەجێ بەرامبەر منداڵێکی تۆپ هێنەرەوە دەکات، ئەم رەفتارەشی بووەتە هۆی ئەوەی دایکی زۆر نیگەران بێت و دەست بە گریان بکات.
بەم دواییە هازارد لەگەڵ ئەو تۆپ هێنەرەوە کە ناوی چارلی مۆرگانە دانیشتنێک ئەنجام دەدات و هەردوولا باس لەو ساتە دەکەن، سەرەتا مۆرگان دەڵێت '' دیمەنێکی زۆر سەیر بوو، من تا ئەو کاتەشی کە ویستم لە یاریگا بڕۆمە دەرەوە، پێموابوو خوان ماتا ئەم کارەی بەرامبەر من کردووە، بەڵام دواتر پێیانگوتم ئەوەی شووتی لێدای هازارد بوو ''.
لەلایەن خۆشیەوە ئێدین هازارد گووتی ''هاوڕێکەم هەموو چیرۆکەکەم لەبیرە، بۆ من کە یەکەم ساڵم بوو لە ئینگلتەرا، هەمووان بەم رەفتارەی من نەفرەتیان لێکردم، تەنانەت دایکم زۆر لێم توڕە بوو و بەهۆی ئەم رەفتارەم دەستی بە گریان کرد، زۆر هەوڵمدا کە رازی بکەم ئەم کارەم بە ئەنقەست نەکردووە، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو و ئەو پێیگووتم تۆ بە منداڵە وێرایت و رەفتارەکی زۆر خراپ بوو ''.
