نازم ده‌باغ: هه‌رێم بنكه‌ی سه‌ربازی به ئه‌مریكا نه‌داوه
په‌یوه‌ندییه‌كان له چوارچێوه‌ی پاڵپشتی لۆجیستییه
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/resources/files/2016/nazim-dabax-tasnim.jpg)
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تاران ڕه‌تیده‌كاته‌وه كه هێزه‌كانی ئه‌مریكا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازییان له‌ناو خاكی هه‌رێم وه‌رگرتبیت،به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی ته‌نها له چوارچێوه‌ی پاڵپشتی لۆجیستی ئه‌مریكایه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
"نازم ده‌باغ" به ئاژانسی هه‌واڵی "ته‌سنیم" ی ئێرانی ڕاگه‌یاندووه" هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به ئاگاداری حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ته‌واو ده‌بێت.
له باره‌ی سه‌ردانی شانده‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ ئێران، كه "به‌رهه‌م ساڵح" سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ده‌باغ گوتوویه‌تی" سه‌ردانه‌كه بۆ لێكتێگه‌یشتنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانی‌دا ژماره‌یه‌ك بابه‌ت له‌وانه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان تاران و هه‌ولێر، و كێشه‌ی تیرۆری باس كردووه.
هه‌روه‌ها باس له تێگه‌یشتنی هاوبه‌شی نێوان به‌غدا و هه‌ندێك لایه‌نی هه‌رێم كراوه و وه‌ك پێویستییه‌ك ته‌ماشا ده‌كرێت به‌لای لایه‌نه به‌شداربووه‌كانه‌وه.
ده‌باغ ئه‌وه‌شی گوتووه كه به‌رپرسانی ئێرانی لایه‌نی كوردی‌یان هانداوه و گرنگی كۆتاییهێنان به كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه جیاوازه‌كانی عێراقیان باسكردووه كه به‌ڕێگه‌ی دانووستان له ناو عێراقدا به ئه‌نجام بگات.
"نازم ده‌باغ" باسی له بۆچوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه و گوتوویه‌تی" حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ تێڕوانینه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا كۆكه، كه باس له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و پێكه‌وه گونجان ده‌كات، چونكه كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر داواكاری و مافه‌كانی كورده كه به یاسا ڕێكخراوه.