لە 11 شارۆچکەی پارێزگای کرماشان خوێندنی قۆناغی سەرەتایی راگیرا

دیمەنی زستانی رۆژهەڵاتی کوردستان
دیمەنی زستانی رۆژهەڵاتی کوردستان

K24 – هەولێر

ئەفشین یەگانە، بەڕێوەبەری ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەهۆی سەرما و خراپی کەشوهەواوە لە 11 شارۆچکەی سنووری پارێزگاکە خوێندنی قۆناغی سەرەتایی کراوەتە پشوو، لە بەشێک لە ناوەندەکانیش، خوێندن بۆ دوو کاتژمێر دەرنگتر دەست پێدەکات.

ئەفشین یەگانە ئاماژەیداوە، راگەیاندنی پشووی خوێندن بۆ ئەمڕۆ شەممە ناوەندەکانی خوێندن لە شارۆچکەکانی گەیلانغەرب، سەرپێلی زەها و قەسری شیرین و تەواوی ناوەندەکانی ئامادەیی و خوێندنی زانکۆکان ناگریتەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، لەو شارانەی بەهۆی سەرماوە  پشووی خوێندن راگەیەندراوە، پرۆسەکە بەشێوەی ئۆنلان بەڕێوەدەچێت تا ئەو کاتەی بڕیاری داهاتوو بۆ دەسپێکردنەوەی خوێندن لە ناو پۆلەکان دەدرێت.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی ناوەندی کەشناسی پارێزگای کرماشان ئەمڕۆ شەممەش لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکە بەفربارین لەگەڵ زریان و لە هەندێک لە شارەکانیش بارانبارین و بای بەهێز بەردەوامە، نزمترین پلەی گەرماش پێنج پلەی سیلیزییە.

هەر بەهۆی زۆری بەفربارینەوە رێگەی نێوان چەند شارۆچکەیەک لە سنووری پارێزگای کرماشان داخرابوو، بەڵام تیمەکانی رێگەوبان دوای چەند کاتژمێرێک توانیان رێگاکانی سەرپێل و دالاهۆ لەبەردم رێبواراندا بکەنەوە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی کرماشان رایگەیاندووە، تەواوی تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی مانگی سوور لە ئامادەباشیدان بۆ راماڵێنی بەفری رێگاکان و گەیاندنی هاوکاری بە هاووڵاتییان.

Fly Erbil Advertisment