عوسمان محەممەد: بیرۆکە، خاڵی دەستپێکردنی شانۆیە

K24 – هەولێر:
ئەکتەر و شانۆکار عوسمان محەممەد، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24 باس لەکار و بەرهەمەکانی خۆی و کێشەکانی بەردەم شانۆی کوردی دەکات.
پەیامی شانۆی کوردی چیە؟
پەیامی شانۆ بە گشتی بریتیە لە ئاشتی و مرۆڤایەتی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان و برایەتی. دەبێ هونەر کەموکورتیەکانی کۆمەڵگە بگەیەنێت و کاریگەر بێت لەسەر بەڕێوەچوونی ژیانی کۆمەڵایەتی. دیارە پەیامی شانۆی کوردیش لەو چوارچێوەیەدا دەرناچێت.
سەردەمی زێرینی شانۆی کوردی لە نێوان ئەوسا و ئێستا، چ کاتێک بەسەردەمی زێڕین دەدەنرێت؟
ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە سەردەمی زێڕینی شانۆیی کوردی دادەنرێت، لەبەر ئەوەی لەو کاتانەدا شانۆ پەیامێکی جوان و راستگۆی هەبوو، پەیامێکی سیاسی و نەتەوەیی هەبوو، جەماوەر و بینەری ئەو کاتە بە کارە شانۆییەکان دڵخۆش بوون، لەبەر ئەوەی خۆیان وکێشە و مافە رەواکانیان و داخوازییە نەتەوایەتیەکانیان تێدا دەبینی. بۆیە هەمیشە رێز و حورمەت و خۆشەویستی و دەستخۆشیان بۆ شانۆکار و هونەرمەندەکان هەبوو .
بینەر چ کارێکی پێویسته؟
بینەر ئەو جۆرە کارانەی پێویسته کە ئاشنای دەکاتەوە بە هۆڵەکانی نمایش، هەروەها حەزی بەو کارانەیە کە کێشەی جددی و رووداوەکان لە کارێکی کۆمیدیای رەش بەرجەستە دەکرێت.
شانۆی کوردی بەرەو پێشچوونی باشی بە خۆیەوە بینیوە؟
نەخێر، لەگەڵ بوونی کۆلێژی هونەر و پەیمانگە و کۆلێژی هونەرە جوانەکان لە زۆربەی زۆری شار و شارۆچکەکانی کوردستان و بوونی مامۆستا و هونەرمەندی رۆشنبیر و خاوەن بروانامەی بەرز و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا لە هەموو بوارەکاندا، هێشتا شانۆی کوردی بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە نەبینیوە، نەبوونی هۆڵی نمایشی باش بە هەموو پێداویستییەکانەوە لە سیستمی روناکی و دەنگ و نەبوونی وەرشەی تایبەت لە هۆڵەکاندا هۆکارێکی ترە.
بیرۆكهی شانۆ لای تۆ چیە؟
بیرۆكه خاڵی دەسپێکردنی شانۆیە، چیرۆك لە بیرۆكهوه دەستپێدەکات، ململانێ و کێشمەکێش و پەیوەندی کەسایەتییەکان پێکەوە و شوێن و کاتی رووداوەکان دەبێتە کەشی گشتی شانۆییەکە، بۆیە بیرۆكهی شانۆ بە یەکێک لە رەگەزە گرنگەکانی نووسینی دەقی شانۆیی دادەنرێت. وە دەبێت بیرۆكهی شانۆکە سوودبەخش بێت و لە خزمەتی کۆمەڵ و پێشخستنی دابێت. بیرۆكه بە مانای بیرۆکە دێت، هەندێ کات بە (الجملة السرطانية) ناوی دەبەین، یاخود دەڵێین؛ لەم شانۆییەدا دەتەوێت چی بڵێیت و بەمانای بیرۆكهی شانۆییەکە چیە.
پرۆژەی نوێت چی دەبێت؟
ئێستا بەهۆی ئەم هەموو بەربەست و قەیرانانەوە بە تایبەتی قەیرانی دارایی کار و چالاکی هونەری زۆر کەمبووهتەوە و گەیشتووهتە وەستان، بۆیە لە ئێستادا هیچ پرۆژەیەك لە ئارادا نییە، ئێمەی هونەرمەند و شانۆکاران هەمیشە حەز و ئارەزووی کارکردن و بەردەوامیمان هەیە، هیوادارم ئەم بەربەست و قەیرانانە کۆتایی بێت و بتوانین بەردەوام بین.
ئەکتەر و شانۆکار عوسمان محەمەد، لەساڵی 1957 لەگەڕەکی سابونکەران لەشاری سلێمانی لە دایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. هەر لە منداڵیەوە خولیای هونەری لا درووستبووە. بە هونەری لاسایی کردنەوە و نواندن دەستی پێکردووە و ئێستایش بەردەوامە لەکاری هونەری.