نوێترین زانیاری لەسەر دەنگۆی چوونی ئێمباپێ بۆ ریاڵ مەدرید

لە دوێنێوە وەکو ساڵانی رابردوو دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە کلیان ئێمباپێ هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، بڕیاریداوە کۆتایی ئەم وەرزە، ریزەکانی یانەکەی جێبێڵێت و پەیوەندی بە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیاوە بکات.
ئەم چیرۆکەی هێرشبەرە فەرەنسیەکە ئەوەندە نوێ نیە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو بەردەوام ئەوەمان بەر گوێکەوتووە کە وەرزی داهاتوو ئەو یاریزانە درێسی یانە شاهانەکە لەبەر دەکات، کەچی هەر لەگەڵ یانەکەی دەمێنێتەوە و هاندەرانی یانەی ئیسپانیەکە بێ هیوا دەکات.
بەم دواییە رۆژنامەی Le Parisien بڵاویکردەوە ئێمباپێ ئەمجارەیان سوورە لەسەر جێهشتنی ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان و دەیەوێت وەرزی داهاتوو یانەکەی جێبێڵێت، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە بەرپرسانی یانەکەی و هەروەها ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکەی، لەم بڕیارە ئاگادار نەکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەری Relevoـی ئیسپانیا بە گومانەوە باس لە بابەتی چوونی یاریزانە فەرەنسیەکە بۆ ریزەکانی ریاڵ مەدرید دەکات، ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردووەەتەوە، ئێمباپێ پێشتر بە سەرۆکی یانەکەی گوتووە، پێش ئەوەی بڕیاری جێهێشتنی یانەکەی بدات، یەکەم کەس ئەو دەبێت کە ئاگاداری دەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکی لەمبارەوە لەگەڵ ناسر خلێفی نەکردووە، بۆیە گومانێک لەو هەواڵەی سەرچاوە فەرەنسیەکە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەری Goalـی جیهانیش بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی یانە شازادەکە دڵنیان لە چوونی ئێمباپێ، هەربۆیە ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی شوێنگرەوەی دەکەن، یەکێک لە ئامانجەکەشیان رافایل لیاو هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵیایە. بەڵام یانە ئیتاڵیەکە ئامادەنیە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری گۆڵکارەکەی بێت.