بەهۆی بەفر بارین یاریی شەقڵاوە و چوارقوڕنە دواخرا

یارییەکەی نێوان شەقڵاوە و چوارقوڕنە لە گەڕی هەژدەی خولی نایابی کوردستان، بەهۆی بارینی بەفر دواخرا.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە رێککەوتی 4/2/2024 لە گەڕی هەژدەی خولی نایابی کوردستان، یانەکانی شەقڵاوە و چوارقوڕنە رووبەڕووی یەکتری ببنەوە، بەڵام بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و داپۆشینی یاریگای یانەی شەقڵاوە، یارییەکە دواخرا.
پەیامنێرمان لە شەقڵاوە تەیفور محەمەد ئاشکرای کرد، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە یاریگای یانەی شەقڵاوە، سەرپەرشتیارانی یارییەکە بەهۆی نالەباری کەش و هەوا و یاریگا، بڕیاریدا یارییەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تاوەکو ئەم ساتە وادەیەکی نوێی بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکە دیاری نەکردووە، بەڵام دەنگۆیەک هەیە سبەی دوو شەممە یارییەکە بکرێت.
