بلینکن و کامیرۆن تاوتوێی دۆخی غەززە و دەریای سووریان کرد
K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی باسیان لە گەیشتنی هاوکارییەکان بە خەڵکی سڤیلی غەززە کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5-2-2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گفتوگۆیان لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باشتر گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە کرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو وەزیرەکە باسیان لە هەوڵەکان کردووە بۆ ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکان لە کەرتی غەززە، هەروەها هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی مرۆیی کە رێگە بدات بە زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی سڤیل لە غەززە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، بلینکن و کامیرۆن باسیان لە دۆخی دەریای سوور و هەنگاوە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ لێپرسینەوە لە حوسییەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان.