شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق: لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی بەغدا دەکەین

K24 – هەولێر:

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی بەغدا بەردەوامە و دواتر زانیارییەکان دەخەینەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی شوباتی 2024) شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، تیمێکی تەکنیکی تایبەتمەند لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلەکەی ناوچەی مەشتەلی بەغدا.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، ئەم بەئامانجگرتنە بووە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەکە و کووشتنی ئەوانەی لەناویدا بوون و تا ئێستاش لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ دیاریکردنی شێواز و سەرچاوەی بەئامانجگرتنەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی شوباتی 2024) شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوەدا، لە بەغدای پایتەختی عێراق دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستران.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی مەشتەلی لە رۆژهەڵاتی بەغدا، کراوەتە ئامانج هاوکات هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و خەریکی لێکۆڵینەوەن و پشتێنێکی ئەمنییان دروستکردووە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

کوردستان24 زانیوویەتی دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان علیاوی کوژراون، هاوکات حزبووڵڵای عێراقی کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، ئاگاداری راپۆرتەکانن سەبارەت بە هێرشەکەی بەغدا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستەمی مووشەکییەکانی حزبووڵڵای عێراقە ئەمشەو لە هێرشەکە کوژراوە.

Fly Erbil Advertisment