فراکسیۆنی پارتی هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای بەجێهێشت

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 - هەولێر

فراکسیۆنی پارتی و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی "نەینەوا موەحەدە" هۆڵی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایان بەجێهێشت. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-02-2024، کاتژمێر 01:00، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگار دەستیپێکرد؛ بەڵام  فراکسیۆنی پارتی و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی "نەینەوا موەحەدە"ـی سەر بە نەجم جبووری، هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24، ناڕەزایەتیی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەکو خۆیان دەڵێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنەکەی پێشێلکردووە، لەبەر ئەوەی دەنگدانی بە جێگری دووەمی پارێزگار خستووەتە پێش بڕگەی هەڵبژاردنی جێگری یەکەم. ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی رێککەوتنی سیاسیی لایەنەکان، پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا دەدرێتە پارتی و کاندیدەکەی سیروان رۆژبەیانییە. 

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە، 05-02-2024، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای نەینەوا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بەکۆی دەنگ هەر یەکە لە عەبدولقادر دەخیل بە پارێزگاری نەینەوا و ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و محەمەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردران.

رۆژی (28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023)، كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نەینەوای راگه‌یاند‌ كه‌ كۆی گشتی ده‌نگه‌كان بریتی بووه‌ له‌ 906 هه‌زار و 294 ده‌نگ و به‌سه‌ر 29 كورسیدا دابه‌ش ده‌كرێت و 19 كورسی بۆ پیاوان و حه‌وت كورسی بۆ ئافره‌تان و سێ كورسیش بۆ كۆتای پێكهاته‌كان ده‌بێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لیستی نه‌ینه‌وا بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی پێنج کورسی. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان چوار كورسی، هاوپه‌یمانی گرێبه‌ستی نیشتمانی سێ كورسی، هەریەکە لە هاوپەیمانی سیاده‌، هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی نیشتمانی، حه‌سمی نیشتمانی، هاوپه‌یمانی حه‌دبای نیشتمانی، هه‌ویه‌ی نیشتمانی، ئیتیحادی ئه‌هلی نه‌ینه‌وا دوو كورسییان بەدەستهێنا. هەروەها هاوپه‌یمانی عه‌زم و حزبی نیشتمانی بۆ نوێبوونه‌وه‌ هەر یەکەیان یه‌ك كورسییان بەدەستهێنا.

Fly Erbil Advertisment