گفتوگۆکانی نێوان لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمەریکا دەستپێدەکەنەوە

K24 - هەولێر:
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمەریکا دەستپێدەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لێژنەی باڵای تەکنیکی سەربازی نێوان عێراق و ئەمەریکا دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوانیان گفتوگۆ لەسەر دیاریکردنی وادەیەک دەکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
لای خۆیەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، لە چوارچێوی لیژنەی باڵای سەربازی گفتوگۆكانیان لەگەڵ عێراق دەستپێدەكەنەوە.
لە راگەێندراوێكدا جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا دەڵێت: لە بەغدا، لە چوارچێوەی گرووپی كاری لیژنەی باڵای سەربازی دەست بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ سوپای عێراق دەكەنەوە.
ڤاوڵ ئاماژەبەوە دەكات، بە ئومێدن لەگەڵ عێراق بەردەوامبن لە گفتوگۆ سەربازییەكانیان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بەرەوپێشچوونەی لە ئەركی هاوبەشیان بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش بەدەستیانهێناوە، هەروەها گفتوگۆش لەبارەی دیاریكردنی ئەركی داهاتوویان دەكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا بۆسەر سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەبەغدا عێراق رایگەیاند، گفتوگۆ دەكەین بۆ تاوتوێكردنی وادەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.