ڤیان ده‌خیل: واژۆ بۆ دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کۆکراوەتەوە

K24 – هەولێر:
دابه‌شكردنی خواردنی ماوه‌به‌سه‌رچوو له كه‌مپه‌كاندا ئاواره‌كانی نیگه‌ران كردووه و داوا ده‌كه‌ن به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته بكرێت، ڤیان ده‌خیل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران له پۆسته‌كه‌ی نه‌مێنێت و هێنان و دابه‌شكردنی پێداویستی ماوه‌به‌سه‌رچوو لە کەمپی ئاوارەکان، په‌رله‌مانی عێراقی هێناوه‌ته ده‌نگ.
بەهۆی نیگەرانییەکانی ئاوارەکانی شنگال کە چەندین جار پێداویستی ماوەبەسەرچوویان بەسەردا دابەشکراوە، هاوکات لەنێو پەرلەمانی عێراق بابەتی بانگهێشتی ئەو وەزیرە لە ئارادایە، لە کاتێکدا زیاتر لە پێنج واژۆش کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی بدرێت.
ڤیان ده‌خیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر پەرلەمانی عێراق دەنگ نەدات لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەوا ئێمە نووسراوێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەنێرین و داوای لێدەکەین کە ئەو وەزیرە لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "من بە فەرمی سکاڵا لەسەر وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمار دەکەم بەهۆی ئەوەی چەندین جار پێداویستی ماوەبەسەرچووی لە کەمپی ئاوارەکانی شنگال دابەش کردووە".
لای خۆیەوە ماجید شنگال، سەرۆکی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چەندین جار کەلوپەل و خۆراکی ماوەبەسەرچووی بەسەر کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە هەرێمی کوردستان دابەشکردووە، هاوکات دەیانەوێت بە زۆرەملێ ئاوارەکان بگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کارەی رەتکردووەتەوە.
سەرۆکی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە گەندەڵییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەزانێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەبووە لە بەرانبەر ئەو کارانەی ئەم وەزارەتە.