ناتانیاهۆ داوای حکوومەتی یەکگرتووی نیشتمانیی بەرفراوان لە ئۆپۆزیسیۆن دەکات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد حکوومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانیی بەرفراوان پێکبهێنن، لەبری ئەوەی پەنا بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە عەرەبییەکان ببەن. ناتانیاهۆ پێیوایە کۆمەڵگەی ئیسرائیل خوازیاری حکوومەتێک نییە پشت بە حزبی رەعم و لیستی عەرەبیی هاوبەش ببەستێت، کە ئەوانی بە پشتیوانیکردنی تیرۆر و نکۆڵیکردن لە بوونی دەوڵەتی جوو تۆمەتبار کردوون.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "لە یەکەم رۆژەوە دەستمان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانیی بەرفراوان درێژکردووە. زۆرینەیەکی روونی دانیشتووانە جووەکان پارتی لیکودیان وەک گەورەترین حزب هەڵبژاردووە و منی‌یان بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو دەستنیشانکردووە".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیکردەوە، هەوڵ بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەرفراوان دەدەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان و هەر حزبێکی دیکە خوازیاری ئەوە بێت و پشتیوانی لە تیرۆر نەکات، منیش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە کراوەم.

ئەم لێدوانەی ناتانیاهۆ دوای هەڵبژاردنی کنێست دێت کە 27ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو. تێیدا بەرەی دەسەڵات بە سەرۆکایەتیی پارتی لیکود 53 کورسیی بەدەستهێنا، بەرامبەر بە 48 کورسی بۆ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزینکۆت، کە لە حزبەکانی یەشار، بیحەد، ئیسرائیل بیتێنو و دیموکراتەکان پێکدێت.

هەردوو حزبی عەرەبی، لیستی هاوبەش و رەعم، 19 کورسییان بەدەستهێنا و بوونەتە هێزێکی کاریگەر لە یەکلاکردنەوەی هاوسەنگیی هاوپەیمانییەکاندا، دوای ئەوەی هەردوو بەرەی سەرەکی نەیانتوانی بگەنە زۆرینەی پێویستی 61 کورسی لە کۆی 120 کورسی.

دوێنێ دووشەممە، ئاڤیگدۆر لیبێرمان، سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بیتێنو لە پێشهاتێکدا کە هەوڵەکانی ناتانیاهۆ ئاڵۆزتر دەکات، پشتیوانیی خۆی بۆ راسپاردنی ئایزینکۆت بە ئامانجی پێکهێنانی حکوومەت راگەیاند. لیبێرمان جەختیکردەوە لە رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە حکوومەتێکدا کە ناتانیاهۆ سەرۆکایەتی بکات، یان پشتیوانیکردن لە حکوومەتێکی کەمینە.

یوسف جەبارین، سەرۆکی لیستی عەرەبیی هاوبەش ئامادەییی لیستەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتێکی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکە دەربڕی بە مەبەستی دوورخستنەوەی ناتانیاهۆ، بەڵام بەشداریکردنی راستەوخۆی لە حکوومەتەکەدا رەتکردەوە تا ئەو کاتەی داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ سەر خاکە فەڵەستینییەکان بەردەوام بێت.

ئەم هەڵوێستە ئۆپۆزیسیۆن لەبەردەم بژاردەی ئاڵۆزدا دادەنێت، چونکە هەڵوێستی ژمارەیەک لە حزبە راستڕەو و ناوەندگەراکانی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ سیاسەتەکانی لیکود یەکدەگرێتەوە، بەڵام دژایەتیی بەردەوامیی ناتانیاهۆ لە سەرۆکایەتیی حکوومەت دەکەن.

بڕیارە 4ـی تشرینی دووەم ئەنجامە فەرمییەکان پێشکەشی ئیسحاق هێرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بکرێن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ راوێژکردن لەگەڵ حزبەکان سەبارەت بە راسپاردنی یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.