گەندەڵیی کارگەیەکی نەجەف، نرخی کەلوپەلی زستانی لە عێراق دوو هێندە بەرز کردووەتەوە

نرخی فەرش و راخەر لە بازاڕەکانی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بارگرانییەکی دارایی خستووەتە سەر هاووڵاتییان، بەجۆرێک نرخی ئەو کاڵایانە بۆ وەرزی زستان دوو هێندە زیادی کردووە. هاوردەکاران هۆکاری ئەم دۆخە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و زیادکردنی باج و گومرکی سەر شتومەک و کاڵا هاوردەکراوەکان دەگەڕێننەوە.

هاوکات، بەشێک لە هاوردەکاران باس لە ململانێیەکی نایاسایی دەکەن کە هاوسەنگیی بازرگانیی تێکداوە. ئەوان ئاماژە بە کارگەیەکی سنووری پارێزگای نەجەف دەکەن کە بە گوتەی ئەوان، بە پاڵپشتیی چەند بەرپرسێکی باڵا، فەرش و کومبار لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکات و بەبێ پێدانی باج و گومرک، وەک بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندا ساغی دەکاتەوە.

جاسم عیسا، بازرگان بە کوردستان24ـی راگەیاند: بازرگانیی ئێمە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی خوارووی عێراق و بەغدا وەستاوە و زیانێکی گەورە بەر کەرتی هاوردەکردن کەوتووە. جاسم عیسا روونیکردەوە، تەنیا بۆ یەک باری ترێلەی کۆست، بڕی 20 ملیۆن دینار باج و گومرکیان لێ وەردەگیرێت، کە ئەمەش نرخەکەی لەسەر هاووڵاتییان گران کردووە.

جەواد مسەوەی، بازرگانێکی دیکە گوتی: باج و گومرکی ئەو کاڵایانەی من هاوردەی دەکەم، لە 3 ملیۆن و نیوەوە بۆ 13 ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە. مسەوەی روونیکردەوە، پێشتر مەتری فەرشی هەرزان بە 1750 دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 3500 دینار، ئەوەش وایکردووە ئاستی فرۆشیان بە رادەیەکی بەرچاو دابەزێت.

سائر محەمەد، بازرگانی کومبار گوتی: ئەو فەرشەی ئەو کارگەیە بە ناوی بەرهەمی ناوخۆ دەیخاتە بازاڕەوە، لۆگوی کارگەی تموری لەسەرە کە لە شاری غازی عەنتابی تورکیایە. سائر محەمەد جەختیکردەوە، کارگەکە بەبێ پێدانی باج و گومرک بەرهەمەکان ساخ دەکاتەوە و ئەمەش رەوشی بازرگانیی کەسانی دیکەی تێکداوە و وەزارەتی پیشەسازی پاڵپشتیی دەکات.

عێراق ساڵانە بە بڕی نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار فەرش و راخەر لە وڵاتانی ئێران و تورکیا و چین هاوردە دەکات. بازرگانانی ئەو بوارە ئاشکرای دەکەن، بەهۆی گەندەڵییەوە عێراق ناتوانێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستێت.