ئێلی ئەبوعەون: ئێران نایەوێت ئەمەریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێتەوە

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی باڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ئایینی رۆما دەڵێت: ئێران دەزانێت ئەگەر ئەمەریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێتەوە لێکەوتەی خراپی دەبێت، بۆیە ئێران نایەوێت ڤەنزوێلایەکی دیکە لە دراوسێی خۆی ببینێت، چونکە عێراق سەرچاوەی داهاتێکی باشە بۆی.
ئێلی ئەبوعەون، ئەندامی باڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ئایینی رۆما، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناویشیان هێزەکانی ئەمەریکا چەند ساڵێک پێش ئێستا لەسەر داواکاری فەرمی حکومەتی عێراق هاتنە ئەم وڵاتە، ئەو شەڕەی بەرامبەر داعش کرا ئەمە روونە کە هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق کارێکی ناوازەیان ئەنجامدا و سەرکەوتن بەسەر داعش.
ئەو ئەندامە باڵایەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئایینی رۆما دەڵێت: لە ئێستادا لە عێراق کێشەی ئەمنی هەیە بۆیە پێویست دەکات ئەمەریکا و هاوپەیمانان بمێننەوە لەو وڵاتە، ئەگەر ئەو هێزانەش ناچار بە کشانەوە بکرێن کەلێنێکی ئەمنی لەو ناوچەیە دروست دەبێت.
ئێلی ئەبوعەون، ئاماژەی بەوەدا، ئێران لە ئێستادا کۆنتڕۆڵی بڕیارە ستراتیژییەکانی عێراقی کردووە، ئێران نایەوێت ئەمەریکا بە تەواوی لە عێراق بکشێتەوە، چونکە دەزانێت ئەگەر ئەمە رووبدات لێکەوتەی خراپی دەبێت بە تایبەت لەسەر سیستەمی بانکی، ئەوا ئەو کاتە عێراق دەبێتە ڤەنزوێلا و ئێرانیش ناتوانێت سوود لە داهاتی عێراق وەربگرێت.
ئەو ئەندامە باڵایەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئایینی رۆما، جەختی لەوە کردەوە، ئێران نایەوێت ڤەنزوێلایەکی دیکە لە دراوسێی خۆی ببینێت.