چەند تەقینەوەیەکی بەهێز دیمەشقی پایتەختی سووریا دەهەژێنن

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (10ی شوباتی 2024) ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردووە، بەڵام تەنیا زیانی ماددی هەبووە. بەڵام روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەوە بووەو ناوچەکانی دیماس و مەشروع دەمریان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆمبارانکردووە.

وەزارەتی بەرگری سووریا بڵاویکردووەتەوە، لە رێگەی سیستەمی بەرگرییەوە بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیلیانداوەتەوە، کە چەند خاڵێکی لە دەوروبەری دیمەشق کردووەتە ئامانج.

هەروەها رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل تەنیا زیانی ماددیان هەبووە و چەند مووشەکێکیش خراونەتە خوارەوە.

بەڵام روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکدا لە دیمەشق ژمارەیەک کەسانی بیانیان کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی ئامارێکی روانگەی  سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سوپای ئیسرائیل 10 جار هێرشیکردووەتە سەر سووریا، کە حەوتیان هێرشی فڕۆکەی جەنگی بوون و سێ هێرشیش زەمینی بوون و 28 ئامانجیان پێکاوە، لە نێویاندا جبەخانە و ژمارەیەک بنکە و بارەگا هەن، کە بەهۆی هێرشەکانەوە 24 چەکدار کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون، لە نێویاندا شەش کوژراو راوێژکارانی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران، چوار چەکداری حزبوڵڵای لوبنان، سێ چەکداری گرووپە میلیشیاکانی عێراق و 10 چەکداریش سەر بە گرووپە میلیشیاکانی ئێران بوون، تەنیا ناسنامەی یەکێك لە کوژراوەکان ئاشکرا نەکراوە.