ژمارەی کوژراوانی غەززە 28 هەزار کەسی تێپەڕاند

K24 – هەولێر:

تەندروستی غەززە رایگەیاند، لە دەسپێکی شەڕيی ئیسرائیل و حەماسەوە تاوەکو ئێستا 28 هەزار و 64 کەس لە غەززە کوژراون.

تەندروستی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردومان و هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوو 117 کەس کوژراون، بەجۆرێک لە دەستپێکی شەڕەوە تاوەکو ئێستا 28 هەزار و 64 کەس کوژراون.

تەندروستی غەززە لەبارەی ژمارەی بریندارانیش گوتی: ژمارەیان گەیشتە 67 هەزار و 611 کەس.

ئیسرائیل لە پلانیدایە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە رەفەح ئەنجامبدات، لەکاتێکدا رەفەح کۆتا سنووری باشووری غەززەیە و هیچ شوێنێکی دیکە نییە خەڵکی غەززە رووی تێبکەن.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.