کارۆخ خۆشناو: بیرمەندانی شیعە دەزانن کشانەوەی ئەمەریکا عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی و شارەزایی کاروباری ئەمەریکا رایگەیاند، پێم وانییە ئەمەریکا بەئاسانی عێراق و ناوچەکە چۆڵ بکات، چونکە ئەمەریکا لەگەڵ عێراق رێککەوتنامەی ستراتیژی هەی، هەروەها بیرمەندانی شیعەش دەزانن کشانەوەی ئەمەریکا، عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات.

کارۆخ خۆشناو، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزایی کاروباری ئەمەریکا، بەکوردستان24ـی راگەیاند، پێم وانییە ئەمەریکا بەئاسانی عێراق و ناوچەکە چۆڵ بکات، چونکە ئەمەریکا لەگەڵ عێراق رێککەوتنامەی ستراتیژی هەیە، هەروەها یەکێک لەبەندەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە هەر لایەنێک لەو دوولایە ئەگەر بیەوێت رێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە، دەبێت شەش مانگ پێش وەختە ئاگاداری ئەوەی دیکە بکاتەوە، ئینجا دەبێت میکانزمێک دابنێن، دواتر قۆناغ بە قۆناغ رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێننەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، محەمەد شیاع سوودانی لەژێر فشارێکی زۆردایە، ئەو لایەنانەی داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن لە چوارچێوەیەکی سۆزداری دایە، چونکە لە ساڵی 2020یش کە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی مەهەندیس لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران، دوو رۆژ دواتر داوایەکی لەوشێوەیە لەپەرلەمان بەهۆی شەقامی شیعەوە بەرزبووەوە بەڵام هیچی بەدوا دانەهات.

خۆشناو دەڵێت: هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای عێراق لێرەیە، چونکە بیرمەندانی شیعەش دەزانن کشانەوەی ئەمەریکا، عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات، جگە لەوەی لێکەوتەی ئابووری و سیاسی و ئاسایشی دەبێت.

شرۆڤەکارەکە جەختیکردەوە، ئیدارەی بایدن کە بە ئیدارەیەکی لاواز لەقەڵەم دەدرێت، ئامادەنییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە، چونکە خۆی ئێستا لە ژێر فشاردایە، کە کۆمەڵێک راپرسی کراوە لە ئەمەریکا، دەنگدەران رازی نین بەو شێوە مامەڵەیەی ئیدارەی بایدن. بۆیە نایەوێت بەهیچ شێوەیەک لەو ناوچەیە بکشێتەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەمەریکا نەمێنێت لەو ناوچەیە، ئەگەری زۆرە تیرۆر سەرهەڵداتەوە، کە ئەوەش لەسەردەمی باراک ئۆباما لەساڵی 2011 روویدا کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کشایەوە، داعش سەری هەڵدا، بۆیە لەسەرداوای حەیدەر عەبادی گەڕانەوە.