عەلی زەیدی: رێگە بە گرووپە چەکدارەکان نادەین مافی هاووڵاتییان پێشێل بکەن

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەو گرووپە چەکدارانە توندتر کرد کە دژی کۆنترۆڵکردنی چەکن لەلایەن دەوڵەتەوە. زەیدی جەختیکردەوە، رێگە نادات بەردەوام بن لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و مافی هاووڵاتییانی عێراق، هاوکات ئەو لایەنانەشی تۆمەتبار کرد کە بە ناوی "شەرعییەت"ـەوە دەستیان بەسەر مافی گەلی عێراقدا گرتووە.

ئەم لێدوانانەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی جەختکردنەوەی حکوومەتدان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا و کۆتاییهێنان بە هەر دیاردەیەکی چەکی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، بە ئامانجی پاراستنی مافی هاووڵاتییان و سەروەریی عێراق.

ئەم لێدوانانەی زەیدی وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو بەیاننامەیەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کەتائیبی "سەیدولشوهەدا"ی عێراقی بڵاویکردەوە، تێیدا رەتیکردەوە هیچ رێککەوتن یان بەڵگەنامەیەکی پەیوەست بە رادەستکردن یان کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان واژۆ کردبێت.

بەیاننامەکەی ئەو گرووپە لە وەڵامی لێدوانەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هات سەبارەت بە رازیبوونی کەتائیبەکان بە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، لە کاتێکدا مشتومڕێکی زۆر لەسەر داهاتووی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتەکەدا هەیە.