رووسیا بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکان چەکی کارۆموگناتیسی بەکاردەهێنێت

رووسیا بەکارهێنانی سیستەمەکانی تێکدانی شەپۆلی کارۆموگناتیسی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئۆکرانیا چڕ دەکاتەوە کە بەرەو مۆسکۆ ئاراستە دەکرێن. ئەو سیستەمانە کار لەسەر پچڕاندنی پەیوەندیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تێکدانی سیستەمی ئاراستەکردنیان دەکەن، تا ئەو کاتەی لە ئامانجەکانیان دووریان دەخەنەوە.

هاوکات مۆسکۆ چەکێکی کارۆموگناتیسیی پێشکەوتووتر پەرەپێدەدات. ئەمەش زیاتر بۆ سنووردارکردنی هێرشەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مووشەکە ئاساییەکان بۆ تێکشکاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیایە.

بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشانە بە چاودێریکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئۆکرانیا دەستپێدەکات. کاتێک رادار و هەستەوەرەکان شوێن و رێڕەوەکانیان دەستنیشان دەکەن، پێش ئەوەی سیستەمەکانی تێکدانی کارۆموگناتیسی دەستبەکاربن، کە شەپۆل بڵاودەکەنەوە و پەیوەندیی نێوان فڕۆکەکە و ئاراستەکەرەکەی دەکەنە ئامانج، یاخود وەرگرتنی شەپۆلەکانی ئاراستەکردن لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە پەکدەخەن.

لەلایەکی دیکەوە، رەنگە کارەکە لە تێکدانی شەپۆلەکان تێپەڕێت و بگاتە فریودانی ئاراستەکردن. ئەوەش لە رێگەی ناردنی شەپۆلی ساختەوە کە هەژمارکردنی شوێن تێکدەدات و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ناچاردەکات لە رێڕەوەکەی لابدات.

لە چوارچێوەی فراوانکردنی ئەو توانایانەدا، مۆسکۆ پڕۆژەی "کۆمەڵی دژە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان"ـی خستووەتە روو، کە ئەرکەکانی چاودێریکردن، تێکدان و تێکشکاندن لە چوارچێوەی بەرگرییەکی فرەچیندا کۆدەکاتەوە.

هەروەها مۆسکۆ هەوڵدەدات لە پەکخستنی شەپۆلەکان تێپەڕێت و کار لەسەر پێکهاتەکانی خودی فڕۆکەکە بکات، بە جۆرێک کار لەسەر پەرەپێدانی چەکێک دەکات کە شەپۆلی کارۆموگناتیسیی خاوەن توانای بەرز بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی ئامێرە هەستیارەکانی ناو درۆنەکان بکاتە ئامانج، کە رەنگە ببێتە هۆی پەکخستن یان لەناوبردنی پێکهاتەکانیان.

سەرەڕای ئەو هەوڵانەش، ئەو رێگایانە ناتوانن بە تەواوی گەرەنتیی پەکخستنی سەرجەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بکەن، چونکە ئاستی کاریگەرییەکەیان بە توانای چەکەکە و رێگاکانی خۆپاراستن و سیستەمی ئاراستەکردنی بەکارهاتوو لە ئامانجەکەدا بەستراوەتەوە.