سەفین دزەیی: داوا دەکەین کەنەدا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی بۆ کونسوڵگەریی گشتی لە هەولێر بەرزبکاتەوە

K24 – هەولێر:
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی ساڵیادی کردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، داوای کرد کەنەدا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە هەولێر بۆ کونسوڵگەری گشتی بەرزبکاتەوە.
رۆژی دووشەممە (19ـی شوباتی 2024) سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پیرۆزبایی لە ساڵیادی دەیەمینی کردنەوەی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر دەکەین و هیوادارین ئۆتاوا ئەو پەیامەی ئێمە پەسەند بکات کە داوا دەکەین نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە هەولێر بۆ کونسوڵگەری گشتی بەرزبکاتەوە.
سەفین دزەیی لەمیانی گوتەیەکدا، ستایشی کار و چالاییەکانی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدای لە هەولێر کرد کە لە ئاستی کونسوڵگەریی گشتی کاریان کردووە و رۆڵی دیپلۆماسی چالاکیان هەبووە و سوپاسی ئەو وڵاتەشی کرد کە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاوکاریکردنی پێشمەرگە رۆڵیان هەبووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتیش وڵاتی کەنەدا هەماهەنگی باشمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە رادیکاڵییەکان کە دەیانەوێت پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخەن و پێکەوە داعشمان تێکشکاند، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مەترسی ئەو رێکخراوە ماوە و دەبێت لە هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر بەردەوام بین.
لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، سەفین دزەیی روونیکردەوە، پێشمەرگە تەنیا لەبری هەرێمی کوردستان و عێراق، لەبری هەموو جیهان شەڕی تیرۆری کرد قوربانیدا و لەو باوەڕەداین کە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشمان هەمان هەستی ئێمەیان هەیە بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی پێشمەرگە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کەنەدا، سەفین دزەیی جەختی لە بوونی پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان هەردوولا کرد و رایگەیاند کوردانی تاراوگەش لە کەنەدا توانیویانە کولتووری کورد لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بناسێنن و بەرپرسیاریەتیان هەیە و ئێمە شانازییان پێوەدەکەین کە خزمەتی کۆمەڵگەی کەنەدا و پەیوەندییەکانی نێوانمان دەکەن.
هەروەها سەفین دزەیی باسی لەوەشکرد، سیستمی فیدراڵی کەنەدا نموویەکی گەشاوەیە و دەکرێت سوود لەو ئەزموونە وەربگرین و هاوکاری هەولێر و بەغدا بکەن بۆ روونکردنەوە و ناساندنی زیاتری سیستمی فیدراڵی و جێگیرکردنی بنەماکانی فیدراڵی لە عێراق کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بوونی هەیە.