مەسرور بارزانی: شانازی دەکەم جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم

K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدان دانا.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەت گەیشتە پارێزگەی هەڵەبجە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد؛ بەشەکانی مۆنیۆمێنتەکەی بەسەرکردەوە و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە یاداشتی مۆنیۆمێنتەکە گوتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوە دا: "شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم . داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە. خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە".
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دادەنێت.
پردی تووەقوت، کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناخەی بۆ دادەنێت؛ پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە؛ لە ساڵی 2008ـەوە نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.
درێژایی پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ نزیکەی 350 مەتر دەبێت و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پارێزگای هەڵەبجە یان هەڵەبجەی شەهید، چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان و 19ەمین پارێزگای عێراقە؛ دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان و هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان.
رووبەری پارێزگای هەڵەبجە 889 كیلۆمەتر دووجایە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شاری هەڵەبجە زیاتر لە 140 هەزار كەسە. پارێزگاکە لە 156 گوند، سێ شارەدێ و شارۆچكەیەك پێكدێت كە بریتین لە: شارەدێی سیراون، بەمۆ، بیارە و شارۆچكەی خورماڵ، كە تەمموزی ساڵی رابردوو بە بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی كرایە شارۆچكە.







