موحسین رەزایی بۆ ئەمریکا: هەر هێرشێک وەڵامێکی وێرانکاریی دەبێت

موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران پەیامێکی بڵاویکردەوە و تێیدا رایگەیاند، ئەمریکا لە جەنگ و هەڵبژاردندا دۆڕا، هاوکات واشنتن هەر هێرشێک بکاتە سەر تاران وەڵامێکی توندی بە دوا دێت.

شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پەیامێکی بڵاویکردەوە، تێیدا رەخنەی توند لە بەرپرسانی ئەمریکا دەگرێت و رایگەیاند، واشنتن هەم لە جەنگ و هەم لە هەڵبژاردندا شکست خواردووە و دەیەوێت بە هەواڵ و لێدوانە ناڕاست و چەواشەکارەکانیان وانیشانی جیهان بدەن کە سەرکەوتوو بوون. 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موحسین رەزایی گوتی: ئەمریکا جەنگ و هەڵبژاردنی دۆڕاند. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا شکستەکەی قبووڵ کردووە، هاوکات مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، دەیەوێت خۆی ئەو دۆخە بدزێتەوە و بەرەو دەرچوون هەنگاو دەنێت، هەروەها پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، خەریکە لەکارەکەی دەردەکرێت و فەرماندەی سێنتکۆمیش ئێستا بووەتە پێشکەشکاری پۆدکاست.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا موحسین رەزایی هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، کەواتە ئێمە دەبێت ئەم پیامەی خۆمان بە وردی ئاراستەی کێ بکەین؟ بەڵام دڵنیابن ئەگەر جەنگ دەست پێ بکەنەوە، رووبەڕووی وەڵامێکی وێرانکەر دەبنەوە.

ئەم قسانەی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی فلۆریدا لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بەوەی پەیامی بۆ ئێران چییە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە لە ئێران دەبەینەوە، لەگەڵ ئێران زۆر باش دەڕۆین. گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین و پێشتریش گفتوگۆمان کردووە. لە ماوەی حەوت مانگ یان شەش مانگیشدا هیچ سەربازێکمان لەدەست نەداوە."

ترەمپ لەبارەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە کەنداو و گەرووی هورمز گوتی: "کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئارادایە، لە رابردوودا بازرگانیی زیاتریان بە نەوت کردووە لەوەی کە پێشتر کردوویانە، ئێمەش زۆر بە باشی دەڕۆین و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین."

هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی سیپاک، گەورەترین کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگاران و کۆمارییەکانە لە ئەمریکا، رایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چاوی لە دۆسیەی ئێران دانەخستووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ترەمپ رووبەڕووی تاران بووەتەوە، چونکە ئامانجی ئەو وڵاتە لەناوبردنی ئەمریکا و شێوازی ژیانییەتی. رۆبیۆ گوتی: قبووڵی ناکەین دەسەڵاتێکی توندڕەو ببێتە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ.

ئەم لێدوانە دژبەیەکانەی بەرپرسانی واشنتن و تاران لە کاتێکدایە، دۆخێکی چاوەڕوانی باڵی بەسەر ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێراندا کێشاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیار لەبارەی هێرشی نوێ دەدات.