کاندیدە پێشبینی کراوەکانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028

لە کاتێکدا هێشتا لێکەوتەکانی شکستی پارتی کۆماری و لەدەستدانی زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا گەرمە، گۆڕەپانی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خێرایی پێ دەنێتە ناو ململانێی پێشوەختەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028ەوە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ستراتیژی خۆی بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ دەگۆڕێت و لە جەنگی ئێران دوور دەکەوێتەوە، هاوکات لە بەرەی دیموکراتەکانیشدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە فەرمانڕەوای ویلایەتەکان و سیناتۆرەکان دەستیان بە جووڵەی مەیدانی کردووە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ئاژانسی رۆیتەرز بۆ 12 گوتاری جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە دوای کۆنگرەی پارتی کۆمارییەوە، بە تەواوی ستراتیژی سیاسیی خۆی گۆڕیوە و کەمترین باسی لە دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتە سەرەکییەکانی کردووە. ڤانس بە مەبەست خۆی لە پرسە باوەکانی وەک جەنگی هەشت مانگەی دژ بە ئێران و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ بەدوور گرتووە، بەوپێیەی راپرسییەکان دەریانخستووە دابەزینی جەماوەریی ترەمپ هۆکاری سەرەکیی شکستی کۆمارییەکان بووە لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممەدا.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، ئەم گۆڕانکارییە هەنگاوێکی پلان بۆ داڕێژراوە لەلایەن ڤانس و راوێژکارەکانی، تاوەکو وەک سەرکردەیەکی سەربەخۆ بۆ قۆناخی دوای ترەمپ و هەڵبژاردنی 2028 دەربکەوێت، بە جەختکردنەوە لەسەر ناسیۆنالیزمی ئابووری، نەهێشتنی دەستوەردانی سەربازی لە دەرەوە و کەمکردنەوەی تێچووی بژێوی.

ڤانس لە هەنگاوێکی دەگمەندا، بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی لە جەنگی ئێران گرت و بە هۆکاری شکستی کۆمارییەکانی دانا. هەروەها داوای راگرتنی بەپەلەی جەنگەکەی کرد و هۆشداری دا کە دەبێت واشنتن پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات و سەرنج بخاتە سەر قەیرانەکان؛ ئەمەش پێچەوانەی ترەمپە کە نیگەرانیی خەڵکی لە گرانی بە فێڵی دیموکراتەکان وەسف کردبوو و لە ژێر گوشاری بنیامین ناتانیاهۆدا جەنگی ئێرانی هەڵگیرساند.

سەرەڕای ئەوەی گۆڕانکارییەکانی کۆشکی سپی و دانانی ستیڤن میلەر لە شوێنی سوزی وایڵز وەک سەرۆکی دیوان ئاماژەیە بۆ سووربوونی ترەمپ لەسەر سیاسەتە توندەکانی، بەڵام دۆناڵد ترەمپی کوڕ و باڵی پارێزگارە گەنجەکان پشتیوانی لە گوتارەکەی ڤانس دەکەن. 

راڵف دیسانتیس؛ فڵۆریدا تاکە بەنداوی کۆمارییەکان بوو کە لافاوی هەڵبژاردنەکە نەیتوانی بڕوخێنێت. دیسانتیس راگەیاندوور: ئەگەر فڵۆریدا نەبووایە، زیانەکانی کۆمارییەکان دەکرا ببوونایە بە کارەساتێکی گەورە. جیاوازیی دەنگەکان کەم بوو، بەڵام ستافەکە توانییان سیناتۆر و پارێزگارێکی کۆماری هەڵبژێرن؛ هەوڵەکانیشیان بۆ دووبارە دیاریکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن، ئەگەرچی بە تەواوی سەریان نەگرت، بەڵام زیانی پێچەوانەشی لێنەکەوتەوە. دیسانتیس، بە هەمان شێوەی نیوسەم، لە مانگی کانوونی دووەمدا وادەی کارەکەی کۆتایی پێدێت؛ بەڵام هیوا و تەماحە سیاسییەکانی هێشتا زیندوون.

مارکۆ روبیۆ؛ وەزیری دەرەوە لە چەند کۆبوونەوەیەکی کەمی هەڵبژاردندا لەگەڵ ترەمپ دەرکەوت. بۆ بەرزترین دیپلۆماتکاری وڵات کەمێک ناهەموار بوو بەشداری لە چالاکیی حزبی و لایەنگریدا بکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەرچەندە روبیۆ ئاستێک لە جەماوەریبوونی لەناو حزبەکەی دەپارێزێت، بەڵام بەراورد بە کەسێکی وەک ڤانس ناچێتە ژێر سێبەری زیانەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولەوە. وەک ترەمپ لە میانەی دەرکەوتنێکیدا لە کانزاس گوتبووی: ڕوبیۆ زیاد لە پێویست ناودار دەبێت، و دواتریش بە گەڵتەوە باسی لە دوورخستنەوەی کرد. روبیۆ پێویست دەکات کابینەی حکوومەت بەجێبهێڵێت ئەگەر بیەوێت خۆی کاندید بکات، و بە ئەگەری زۆریشەوە دەبێت لە ڤانس جودا بێتەوە.

تێد کرۆز؛ ئەگەر روبیۆ و دیسانتیس بەو ویلایەتەوە بەسترابێنەوە کە بەربەرەکانیی لافاوەکەی کرد، ئەوا کرۆز کەسایەتیی ئەو ویلایەتەیە کە لافاوەکەی تێدا بەرز بووەوە. ئەو لە تەواوی رێڕەوی بانگەشەکاندا ئامادەیی هەبوو، بەڵام زۆرێک لەو کاندیدانەی کە هاوکاری کردبوون، لە پۆستەکانیاندا نامێننەوە تا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا قەرەبووی بکەنەوە.

سارە هەکابی ساندەرز؛ پارێزگاری ئارکانساس و گوتەبێژی پێشووی کۆشکی سپی، لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی سێشەممەدا بە ئاسانی دووبارە هەڵبژێردرایەوە. ئەو دەتوانێت بەڵگە بۆ خۆکاندیدکردن بهێنێتەوە، بەتایبەت کە باوکی کە پێشتر پارێزگاری ئارکانساس بوو و ئێستا باڵیۆزی ترەمپە لە ئیسرائیل لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە کۆبوونەوە بەراییەکانی ئایوادا ئەنجامی باشی بەدەستهێنابوو

تاکەر کارڵسن؛ ئەگەر ڤانس ئێستا بە ئاشکرا باسی ئەو باجە سیاسییە دەکات کە جەنگەکە بۆ ترەمپ و کۆمارییەکان درووستی کردووە، کارڵسن لە سەرەتاوە باسی دەکرد. ئەو ئاماژەی بە بیرۆکەی هەڵمەتێکی سەرۆکایەتیی حزبی سێیەم کردووە کە دوور لە واقیع دیارە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانێت گوشار بخاتە سەر ئەو درزانەی کە لەناو هاوپەیمانێتیی MAGAدا لە گەشەکردندان.

لۆگۆی کۆمارییەکان

 

کێبڕکێی گەرمی دیموکراتەکان بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی

لە بەرەی دیموکراتەکاندا، پاش سەرکەوتنە گەورەکەیان لە هەڵبژاردنی نیوەی خول و کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆنگرێس، گۆڕەپانەکە قەرەباڵغییەکی بێ وێنەی بەخۆوە بینیوە و چەندین سەرکردەی دیار دەستیان بە گەشتی ویلایەتەکان و کۆکردنەوەی بەخشینی دارایی کردووە:

حاکمی ویلایەتەکان

ئاندی بیشێر، حاکمی ویلایەتی کێنتاکی: سەرۆکی کۆمەڵەی فەرمانڕەوا دیموکراتەکانە و زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاری لە لێژنەی کاری سیاسی (PAC) کۆکردووەتەوە. خاڵی بەهێزی ئەوەیە لە ویلایەتێکی تەواو کۆماریدا دوو جار هەڵبژێردراوەتەوە کە ترەمپ لە 2024 بە جیاوازیی 30% تێیدا بردیەوە. لە لایەکی دیکەوە، لە دەرەوەی کێنتاکی ناوبانگێکی زۆری نییە و میانڕەوییەکەی لەوانەیە لەلایەن دەنگدەرە توندەکانی پارتەکەیەوە رەتبکرێتەوە.

گاڤین نیوسم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا: خاوەنی نزیکەی 7 ملیۆن دۆلارە لە سندووقی هەڵمەتەکەیدا و بە رەخنەگرە سەرەکییەکەی ترەمپ دادەنرێت. نیوسم رایگەیاندووە ئەگەر کامالا هاریس خۆی هەڵبژێرێت ئەو ناچێتە کێبڕکێکەوە. خاڵی لاوازی ئەوەیە کالیفۆرنیا بەدەست بەرزترین نرخی سووتەمەنی، باج و بێماڵییەوە دەناڵێنێت، کە کۆمارییەکان دژی بەکاری دەهێنن.

جەی بی پریتزکەر حاکمی ویلایەتی ئیلینۆی: ملیاردێر و خاوەنی زنجیرە هۆتێلەکانی (Hyatt)ە، بەهۆی رەخنەکانی لە ترەمپ لەسەر بەکارهێنانی پاسەوانی نیشتمانی لە شارەکان ناسراوە. سەروەتە زۆرەکەی وا دەکات کەمتر پشت بە بەخشەرەکان ببەستێت، بەڵام هاوکات رەنگە وەک کەسێکی دوور لە دەردەسەرییەکانی چینە هەژارەکان وێنا بکرێت.

جۆش شاپیرۆ، حاکمی ویلایەتی پەنسلڤانیا: لە ویلایەتێکی پڕململانێی یەکلاکەرەوەدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە کە ترەمپ لە 2024 تێیدا سەرکەوت. شاپیرۆ لێژنەیەکی فیدراڵیی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیاندووە. خاڵی لاوازی ئەوەیە وەک دیموکراتێکی پشتیوانی ئیسرائیل سەیر دەکرێت لە کاتێکدا ناڕەزایەتی بەرامبەر شەڕی غەززە و جەنگی ئێران لە ناو دیموکراتەکاندا گەیشتووەتە لوتکە، هەرچەندە خۆی دژی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە لەسەر ئێران.

هەروەها ناوی گریتشن ویتمەر حاکمی ویلایەتی میشیگن و وێس مۆر حاکمی ویلایەتی مێریلاند لە نێو کاندیدە بەهێزەکاندان.

کاندیدە دێرینەکانی سەرۆکایەتی

پیت بوتیجێج، وەزیری پێشووی گواستنەوە: خاوەنی توانایەکی بەرزی دیبەیت و رووبەڕووبوونەوەی کۆمارییەکانە تەنانەت لە کەناڵی فۆکس نیوزیش، و 7 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە. بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوودا کەمترین دەنگی لە نێو دەنگدەرە رەشپێستەکاندا بەدەستهێنا کە بلۆکێکی سەرەکیی دیموکراتەکانن.

کامالا هاریس، جێگری پێشووی سەرۆک: هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و لە چەندین ویلایەت کۆبوونەوەی سازکردووە. خاڵی بەهێزی ناسراوی و جەماوەرییەتی لە نێو دیموکراتەکاندا، بەڵام ئەگەر بەشدار بێت دەبێتە سێیەمین هەوڵی، دەنگدەرانیش زۆرجار بە گومانەوە لەو کاندیدانە دەڕوانن کە پێشتر لە هەڵبژاردنی گشتیدا بە ترەمپ دۆڕاون.

سیناتۆرەکان و باڵی پێشکەوتنخواز:

مارک کێلی، سیناتۆری ئەریزۆنا: ئاسمانگەڕی پێشووی ناسا و فڕۆکەوانی هێزی دەریایی، خاوەنی گەورەترین یەدەگی داراییە لە نێو دیموکراتەکاندا کە زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلارە. لە ویلایەتێکی یەکلاکەرەوەدا هەڵبژێردراوە، بەڵام رەنگە میانڕەوییەکەی بە دڵی باڵی چەپ و پێشکەوتنخوازی پارتەکە نەبێت.

جۆن ئۆسۆف سیناتۆری جۆرجیا: گەنجێکی لێهاتووە لە گوتاربێژیدا و بە توندی ترەمپی بە گەندەڵ و ناشیاو بۆ دەسەڵات ناوبردووە، بەڵام ئەزموونی جێبەجێکردنی کەمە.

ئەلێکساندریا ئۆکاسیۆ کۆرتێز: ئەندامی کۆنگرێس لە نیویۆرک و دیارترین میراتگری بزووتنەوە سۆسیال دیموکراتەکەی بێرنی ساندەرزە، لە نێو بنکەی جەماوەریی گەنجان و چەپەکاندا پشتیوانییەکی بێوێنەی هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی گشتی رووبەڕووی هێرشی توندی کۆمارییەکان و تەنانەت میانڕەوەکانیش دەبێتەوە بەهۆی سیاسەتەکانی لەسەر باج و خەرجییە گشتییەکان.

رافایل وۆرنۆک، سیناتۆری دیموکراتەکانی جۆرجیا، بە هەمان شێوە بێتە نێو ئەم دەمەتەقێ و باسەوە. ئەگەر رێگەوبانی نوێی دیموکراتەکان بۆ دەستەبەرکردنی زۆرینە بە سەرکەوتنی دەنگی رەشپێستەکانی باشووردا تێپەڕێت، ئەوا ئەم مامۆستا ئایینییە دەتوانێت بەڵگەیەکی تەواو بەهێز بخاتە ڕوو. وۆرنۆک لە ڕێڕەوی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا ماندوو نەناسانە کاری کرد تا ناهۆمێدیی دیموکراتەکان بڕەوێنێتەوە و نەخشەی هەڵکەوتەی حیزبەکە بەرفراوانتر بکات، سەرمایەگوزارییەک کە لە کۆتاییدا بەرهەمدار بوو. وۆرنۆک پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خول بە فۆکس و سی‌ ئێن‌ ئێنی گوتبوو کە لە ساڵی 2028خۆی بۆ "پۆستێکی باڵا" کاندید دەکات، بەڵام ڕوونی نەکردەوە ئایا مەبەستی دووبارە هەڵبژاردنەوەیەتی وەک سیناتۆر یان خۆکاندیدکردنە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری.

رام ئیمانوێل، باڵیۆزی پێشوو، شارەوانی پێشووتری شیکاگۆ و بەرپرسی پێشووی دیوانی سەرۆکایەتی لە سەردەمی باراک ئۆبامادا، بە بەردەوامی لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکاندا دەردەکەوێت و روانگەی خۆی بۆ سەکۆیەکی سیاسیی میانڕەو، هاوچەرخ، پەرروەردەیی و ئەنجام بەخش قووڵتر دەکاتەوە. ئەگەرچی رەنگە گەنجێتی یان راکێشەریی مەیدانیی هەندێک لە کاندیدە ئەگەرییەکانی دیکەی نەبێت، بەڵام خەریکی ئامادەکارییە و کاتێکی زۆر بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی تەرخان دەکات.

لۆگۆی دیموکراتەکان

 

مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەریخستووە کە پێشبینییە سەرەتاییەکان هەمیشە راست دەرناچن؛ هەروەک چۆن ترەمپ لە 2016 و بیڵ کلینتۆن لە 1992 لە سەرەتای راپرسییەکاندا کەمتر لە 1%ـی دەنگەکانیان هەبوو، بەڵام رووداوەکانی دوای شکستی کۆنگرێس لە ساڵی 2026، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە جەنگی ئێران و قەیرانی ئابووری دەبنە تەوەری سەرەکیی دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لە ساڵی 2028دا.