فازڵ میرانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان دەستپێکێکی ئەرێنییە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام پێشوازی لە ئەرمان تۆپچو، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر کرد؛ فازڵ میرانی، کاراکردنی پەرلەمانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ رزگاربوون لە چەقبەستوویی زانی و هیوای خواست لایەنەکان بەشدار بن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا، هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر بەرهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە ئەرمان تۆپچو کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر کرد.

لە دانیشتنەکەدا فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سەرنجی خستە سەر دواین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، هەروەها ئاماژەی بە هەنگاوی کاراکردنی پەرلەمان کرد بە دەستپێکێکی ئەرێنی زانی بۆ رزگار بوون لەم چەقبەستووەی دووساڵی رابردوو و هیوای خواست هەموو لایەنەکان کێشە و گرفتەکان بەلاوە بنێن و بەشدار بن لە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات بەرپرسی دەستەی کارگێڕی جەختی کردووە، پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باش دایە و بەرەو پێش دەڕوات.

لەلای خۆیەوە ئەرمان تۆپچو کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر سوپاسی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە و دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باش دایە و بەرەو پێش دەڕوات لە هەموو بوارەکاندا.

هەروەها هیوای خواست کە هەموو لایەنەکان بگەنە رێککەوتنێک و حکوومەتی هەرێم پێکبهێنن. لە کۆتایی دا هیوای خواست ئەم ئارامییە و پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.