سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی شەش بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەردەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی شەش بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەردەکات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی شەش بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە دەردەکات

K24 - هەولێر:

بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆسەی بە قەزاکردنی خورماڵ خێراتر دەکرێت و کۆلێژی پزیشکی لە هەڵەبجە دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، لە باڵاخانەی پارێزگە سەرپەشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکانی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگاکە ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەباری دۆخی خزمەتگوزاری پارێزگاکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد، لەنێویشیاندا:

1. پەلە بکرێت لەجێبەجێ کردنی رێکارە یاساییەکانی بەقەزا بوونی خورماڵ

2. دامەزراندنی 500 کەس بەگرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.

3. دەست بکرێت بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوشاری پارێزگای هەڵەبجە.

4. لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و پاشان دەستنیشانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ دانیشتووانی پارێزگەکە.

5. تایبەتمەندی بدرێت بە پارێزگەی هەڵەبجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانێ شارەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پلانی بۆ دانراوە.

6. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەو زانستی بڕیاری کردنەوە کۆلیجی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەربکات و دواتر کار لەسەر رێکار وپێداویستییەکانی بکرێت.

 

 

هەر ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجەی کرد و یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە (23A10000)ی تایبەت بە پارێزگەی هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەکی شارەکە بەخشی.

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد؛ بەشەکانی مۆنیۆمێنتەکەی بەسەرکردەوە و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا.

پاشان سەرۆکی حکومەت لە یاداشتی مۆنیۆمێنتەکە گوتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوە دا: "شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم . داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە. خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە".

وابڕیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دابنێت.

پردی تووەقوت، کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناخەی بۆ دادەنێت؛ پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە؛ لە ساڵی 2008ـەوە نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.

درێژایی پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ نزیکەی 350 مەتر دەبێت و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.