پارێزگاری هەڵەبجە: یاداشتێکی 9 خاڵیمان پێشکەشی مەسرور بارزانی کرد

K24 - هەولێر
پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، یاداشتێکی 9 خاڵییان پێشکەشکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ دام و دەزگا ئیدارییەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "سەرکەوتوو" بووە و یاداشتێکی نۆ خاڵییان پێشکەشکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە. هیواشی خواست داواکارییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ بکرێن.
گوتیشی: "یاداشتەکە پەیوەستە بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەوە؛ رێگاوبان، کۆلیژی پزیشکی، بە شارۆچکەبوونی خورماڵ، کە داهاتی گومرگەکانی هەڵەبجە بەشێکی دابین بکرێت بۆ دابینکردنی هەڵەبجە".
هاوکات پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەڵەبجە دەرکرد، لەنێویشیاندا:
1. کۆلێژی پزیشکی لە هەڵەبجە دەکرێتەوە.
2. تایبەتمەندی دەدرێتە هەڵەبجە و بەشێک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەڵەبجە تەرخاندەکرێت بۆ پڕۆژەکانی شارەکە.
3. پڕۆسەی بە قەزاکردنی خورماڵ خێراتر دەکرێت و ڕێکارە کارگێڕییەکانی جێبەجێدەکرێن.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجەی کرد و یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە (23A10000)ی تایبەت بە پارێزگەی هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەکی شارەکە بەخشی.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد؛ بەشەکانی مۆنیۆمێنتەکەی بەسەرکردەوە و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە یاداشتی مۆنیۆمێنتەکە گوتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوە دا: "شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم . داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە. خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە".
وابڕیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە - تووەقوت - قلیجە و پردی تووەقوت دابنێت.
پردی تووەقوت، کە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناخەی بۆ دادەنێت؛ پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە؛ لە ساڵی 2008ـەوە نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.
درێژایی پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ نزیکەی 350 مەتر دەبێت و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.