ئاکسیۆس: دڵخۆشیی تاران رەنگە ترەمپ بەرەو جەنگ هان بدات
ماڵپەڕی هەواڵیی ئاکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، دەربڕینی خۆشحاڵیی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، لەوانەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هان بدات بڕیاری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی تاران بدات.
ئەو ماڵپەڕە لە زاری چەند دیپلۆماتکارێکی بەشدار لە هەوڵەکانی نێوەندگیری، راوێژکارانی ترەمپ و شارەزایانی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویکردەوە، دەربڕینی خۆشحاڵیی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەگەری ئەوەی بەرزکردووەتەوە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دەستپێکردنەوەی شەڕ بدات.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی هیچ سەرکەوتنێک بەدەست ناهێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی شکست. هاوکات لە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی تاران تابلۆیەکی گەورە هەڵواسراوە کە ئاماژە بە تۆڵەکردنەوە لە دۆناڵد ترەمپ دەکات.
هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، تێیدا دەنگدەران دەنگیان بۆ سەرجەم 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران دا.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی سی ئێن ئێن، چاوەڕوان دەکرێت دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن. هەروەها بلومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە، بە مسۆگەرکردنی 51 کورسی، ئەگەری زۆرە دیموکراتەکان کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیرانیش بگرنە دەست.