شەشەمین پێشانگای کشتوکاڵی فەرەنسا دواخرا

خۆپیشاندانی جووتیارانی پاریس
خۆپیشاندانی جووتیارانی پاریس

K24 - هەولێر

رێکخەرانی پێشانگایەکی کشتوکاڵی فەرەنسا لە پۆستێکدا لە سۆشیال میدیا رایانگەیاند، خۆپیشاندەرە جووتیارەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر پێشانگاکە و بەو هۆیەوە کردنەوەی پێشانگاکە دواخرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی شوباتی 2024، بڕیار بوو پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ بە گوتارێکی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەستپێبکات. بەڵام بەهۆی خۆ پیشاندەرە جووتیارەکان دواخراوە.

لە گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە، سەدان خۆپیشاندەر بەیەکەوە دروشم دەڵێنەوە و ئاڵا لە ناو شوێنی کۆبوونەوەکە هەڵدەکەن. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کۆمەڵێک پیاو لە سەر یەکتر کەڵەکە بوون، هەروەها خۆپیشاندەران لە پێشانگاکەدا ئاڵایەکی یەکێتی ئەوروپا فرە دەدەن.

لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەستبەجێ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردە سەرەکییەکانی سەندیکای کشتوکاڵی ئەنجامدا.

ئەم ناڕەزایەتییە دواهەمین خۆپیشاندانە لە زنجیرەیەک خۆپیشاندان دژی یاساکانی کشتوکاڵی یەکێتی ئەوروپا، لەوانە پلانی حکومەتی فەرەنسا بۆ لابردنی کەمکردنەوەی باج بۆ جووتیاران لەگەڵ پێدانی سووتەمەنی گازوایل قۆناغ بە قۆناغ.

بەگوێرەی راپۆرتی بی ئێف ئێم تیڤی بڵاوی کردەوە، لە کۆتایی مانگی یەکدا لانیکەم 91 کەس دەستگیرکرد بە تۆمەتی رێگری کردن لە هاتوچۆ و زیانگەیاندن لە نزیک بازاڕی رۆنگی لە باشووری پاریس کە ناوەندێکی گەورەی دابەشکردنی خۆراکە.

بەپێی ئاماری سەندیکاکانی کشتوکاڵ، نزیکەی دوو هەزار خۆپیشاندەر بۆ بەشداریکردن لە پێشانگاکە گەیشتوونەتە پاریس. هەروەها پێشبینیش دەکرا لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا نزیکەی 600 هەزار سەردانکەری پێشانگاکە بەشداری بکات.

لای خۆیەوە ماکرۆن گوتی: "شوێنێک بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە موڵک و ماڵی خەڵک لە کۆمارەکەیدا نییە".

لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتیشی: "دەتوانین توڕە بین، هەندێکجاریش دەتوانین هەوڵی تێکدانی شتەکان بدەین، بەڵام ناتوانرێت توندوتیژی رووبدات و قبووڵی بکەین". راشیگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای گەلەرییەکە، "مەرجەکان گونجاو نین بۆ ئەوەی ئێمە بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێشوازی لە سەردانیکەران بکەین، هەر بۆیە بڕیاری دواخستنی کردنەوەی خولی شەستەمین پێشانگای کشتوکاڵی نێودەوڵەتی درا".