شۆڕش ئیسماعیل: وەزارەتەکانی بەرگری ئەمەریکا و پێشمەرگە هاوبەشی سەرەکین

K24 - واشنتن:
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریکا هاوکاری و پشتیوانییەکی ستراتیژی دورمەودایان هەیە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکانی داعش.
ئەمڕۆ هەینی (1ـی ئاداری 2024) شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا زۆر سەرکەوتوبوو، هەروەها سەردانەکەمان بۆ ئەمەریکا لە کاتێکی زۆر گونجاودابوو، سەرجەم کۆبوونەوەکانمانیشمان بەرهەمدار بوون".
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هاوبەشێکی سەرەکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە، ئەم هاوبەشییەش نیشانەی ئەوەیە کە کورد بە تەنیا نییە و پشتیوانییەکی بێسنووری هەیە.
شۆڕش ئیسماعیل، باسی لەوەکرد، بەهۆی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە بەسەر گرووپی تیرۆرستی داعش هێندەی دیکە هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانی زیاتر کردووە، کۆبوونەی ئەمڕۆش درێژەپێدەری ئەم رابردووە پڕ لە دەستکەوتە بووە.
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، دەڵیت: هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریکا هاوکاری و پشتیوانییەکی ستراتیژی دوورمەودایان هەیە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکانی داعش.
شۆڕش ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و عێراق بەشدارە. هاوکت دەڵێت: بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ناوچەکە و بوونی مەترسییەکانی داعش، عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانە لەو وڵاتە.
جەختی لەوەشکردەوە، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و هەروەها بەردەوام دەبن لە مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.
شۆڕش ئیسماعیل، لەبارەی چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت: لەو پڕۆسەیە تا ئێستا هەنگاوی باش نراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی پڕۆسەی چاکسازییەکە سەرکەوتوو بێت.
رۆژی پێنجشەممە (29ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە پێنتاگۆن، لەگەڵ ساشا بەیکەر، بریکاری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە وەکالەت کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سێلست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پشتیوانیی و هارکاریکردنی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتی.
پشتگیریکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.