عێراق... وشکەساڵی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەرتە جیاوازه‌كان دروستكردووه

K24 – هەولێر:
ئەو وشکەساڵییەی لە پێنج ساڵی رابردوودا عێراقی گرتووه‌ته‌وه، کاریگەریی نەرێنی گه‌وره‌ی لەسەر کەرتەکانی وڵات هەبوو، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر واقیعی ژینگەیی دیارترینیانه، بەو پێیەی تەنیا لە یەک پارێزگا یان ناوچه‌یه‌كدا سنووردار نەبوو، لە کۆی 80 ملیۆن دۆنم ، 14 ملیۆن دۆنم زه‌وی به‌هۆی وشكه‌ساڵی و به‌بیابانبوونه‌وه چیتر بۆ كشتوكاڵی به‌كارنایه‌ت.
وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ رێککەوتوون لە وەرزی زستانی 2023-2024 تەنیا 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆنم چاندن، لەوانەش چاندنی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆنم لەسەر ئاوی سەرزەوی و 4 ملیۆن دۆنمیش لەسەر ئاوی ژێر زەوی بۆ چاندن و كشتوكاڵ به‌كاربهێنرێت.
به‌گوێره‌ی قسه‌كانی جاسم حه‌سه‌ن، ئه‌ندازیار له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق، لە شەڕێکی ڕۆژانەدان لەگەڵ قەیرانە ژینگەییەکان، كه به‌هۆیه‌وه وشکەساڵی، کەمی باران و دابەزینی و ئاستی ئاوی دیجلە و فورات، ئه‌و هۆكارانه به‌رۆكی وڵاتیان گرتووه، ئه‌م قه‌یرانه نەک تەنیا لەسەر ئاستی سەبەتەی خۆراک، بەڵکو ژینگەشه، ده‌شڵێت، دیارترین هۆکاری وشکەساڵی خراپی بەڕێوەبردنی ئاو و بەفیڕۆدانێتی، كه به‌هۆیه‌وه دیاردەی بیابانبوونی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان سه‌ریهه‌ڵداوه.
له‌لایه‌كی دیكه عیسام نه‌عیمی پسپۆڕی ژینگه‌یی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاوی رووبار و دەریاچە و زۆنگاوه‌كان رۆڵی بەرچاویان لە فرەچەشنی پێكهاته‌ی خاك هه‌یه، ئه‌م جۆراوجۆرییه له پێكهاته‌ی خاك هۆكاریشه بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ و باشترکردنی خاک و زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵ. ده‌شڵێت، له پارێزگای دیالە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زه‌وی، چۆڵ بوون، هەرچەندە لە باشترین زەوییە کشتوکاڵییەکان دادەنران و بۆ چەندین دەیە داهات و سەرچاوەی بژێوی هەزاران جووتیار بووه.
مه‌ترسییه‌كانی له‌ده‌ستدانی زه‌وی كشتوكاڵی له‌عێراق له‌كاتێكدایه، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ دووپاتیده‌كه‌نه‌وه، وڵات لەڕێگەی بەکارهێنانی سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئاوی رووبارەکان، دروستکردنی بەنداوی زیاتر لە پارێزگاکان لە هەوڵی تێپەڕاندنی کێشەی وشکەساڵیدایە، جگە لە جێبه‌جێكردنی پڕۆژەی گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران و لافاو. كه به جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە دەتوانرێت رۆح به به‌ری زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كاندا بكرێته‌وه.