بۆ راگەیاندنی ئاگربەستە شەش هەفتەییەکە؛ هەمووان چاوەڕێی وەڵامی حەماسن
K24 - هەولێر
ئەمەریكا، میسر و قەتەر پێشنیازێكیان خستووەتە بەردەست حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ، جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە وەستاوەتەوە سەر حەماس بۆئەوەی پێی قایل بێت.
نوێنەری حەماس لە قاهیرە، لەگەڵ نوێنەرانی قەتەر و میسر لەبارەی پێشنیازێك بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە كۆبوونەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كاتی پێشوازیكردنی لە سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر محەممە بن عەبدولرەحمان ئالسانی، داوای لە حەماس کرد بە پێشنیازی ئاگربەست قایل بێت.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، "بەدڵنیاییەوە، گرنگترین بابەت لەلامانەوە دۆخی غەززەیە. دەرفەتێكمان لەبەردەستە بۆ راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست و گەڕاندنەوەی بارمتەكان. ئەمەش دەبێت هۆی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ فەلەستینیەكان بەرێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات كە ئێستا زۆر پێویستیانە. رێگەش خۆشدەكات بۆ چارەسەرێكی درێژخایەن. دەوەستێتە سەر حەماس بڕیار بدات ئایا ئامادەیە بەشداربێت لە ئاگربەستێكی لەوجۆرە."
قەتەر نێوەندگری سەرەكییە و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر دەڵێت، پێداگرن لەوەی رێككەوتنەكە پەسەند بكرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئال سانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو دۆخەی پێیدا تێدەپەڕین هاوشێوەی نەبووە. ئاڵۆزی هەموو شوێنێكی گرتووەتەوە هەر لە غەززەوە بگرە تا دەریای سوور و سووریا و عێراق. دەبینین ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبن و جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە بۆ هەمووان. پێداگرین و هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان بۆئەوەی رێككەوتنەكە پەسەند بكرێت. بارمتەكان بگەرێنەوە ناو خێزانەكانیان و ئەو دۆخە سەختە مرۆییەش كۆتایی بێت."
حەماس داوای كشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل و ئازادكردنی تەواوی دەستگیركراوە فەلەستینیەكان و راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی دەكات. داواكارییەك ئیسرائیل بەردەوام رەتیدەكاتەوە و دەڵێ، پێویستە بارمتەكان ئازاد بكرێن و حەماسیش بە تەواوی لەناوبچێت.
رێكنەكەوتنی ئیسرائیل و حەماس بووەتە هۆی بەردەوامی ماڵوێرانیەكان بۆ خەڵكی غەززە. بەگوێرەی دوایین ئامار تا ئێستا زیاتر لە 30 هەزار 600 كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە نزیكەی 75 هەزاریش برینداربوون.
دۆخی مرۆیی لە غەززە تادێت خراپتر دەبێت، برسییەتی تەنگی بە خەڵكی هەڵچنیوە. گەیشتووەتە ئەوەی لە ئاسمانەوە لە رێگەی فرۆكەوە ژەمە خۆراكی ئامادە بۆ خەڵكی غەززە بخرێتە خوارەوە.