بە ڤیدیۆ..دوایین زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر
K24 – ھەولێر
لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ رزگاركردنی چەندین گوند لە دەستی چەكدارانی داعش، جگە لە رزگاركردنی 11 گوند كە لە نێوپلانی ئۆپەراسیۆنەكەدابوون رێگای گوێر- مووسڵ كەوتە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگە كە بە رێگایەكی سەرەكی گەیشتنی ھاوكاری بە داعش لە ناوچەكە ھەژمار دەكرێت.
پەیامنێری كوردستان24 لە گوندی كەنھەش رایگەیاند: "رێگای گوێر- مووسڵ كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە رێگەی سەرەكی بووە بۆ گەیشتنی ھاوكارییەكان بە چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە و ھەروەھا ئەو ناوچانەی كە پێشمەرگە رزگاركردوون زۆرجار چەكدارانی داعش لەوێوە ھێرشیان كردووەتە سەر گوێڕ و سەنگەرەكانی پێشمەرگە".
پەیامنێرمان لەزاری فەرماندە سەربازییەكان گوتی: "بە رزگاركردنی ئەو ناوچانە مەترسی لەسەر گوێر و دەوروبەری نامێنێت".